توركیا: لە ئۆپەراسیۆنی گەڤەڕێ 200 ئەندامی یەپەسە گیانیان لە دەستداوە
ئۆپەراسیۆنی گەڤەڕی كۆتایی ھات
K24 - ھەولێر:
دوای زیاتر لە مانگێك ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپا و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا و قەدەغەكردنی ھاتووچۆ لە ناوچەی گەڤەڕی شاری جۆلەمێرگ لە باكووری كوردستان كۆتایی ھات و بە گوتەی بەرپرسانی توركیا 200 ئەندامی یەپەسە گیانیان لە دەستداوە.
بە گوێرەی زانیاری میدیاكانی توركیا دوێنێ سوپا و ھێزە ئەمنییەكان كۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەی گەڤەڕی شاری جۆلەمێرگ ھێناوە.
سەرۆك ئەركانی توركیا و پارێزگاری جۆلەمێرگ بە میدیاكانی وڵاتەكەیان راگەیاندووە: "لەو ئۆپەراسیۆنەدا 200ئەندامی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەسە)یان كوشتووە و 286 تەمەنی لە لایەن ھێزە ئەمنییەكان پوچەڵكراوەتەوە".
لە رۆژی 13ی ئاداری ئەمساڵ سوپای توركیا قەدەغەی ھاتووچۆی لە ناوچەی گەڤەڕێی شاری جۆلەمێرگ راگەیاند و ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردبوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەكە بە مەبەستی دەستگیركردنی ئەندامانی (پەكەكە) و (یەپەسە)یە.