لە ئێران زیاتر لە 200 هەزار کەس لە زیندانن

60% زیندانیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە

K24 - ھەولێر:

جێگری کۆمسیۆنی دادوەری و مافی پەرلمانی ئێران رایگەیاند، لە ئێران زیاتر لە 200 هەزار کەس لە زیندانەکان دان.

حەمید رەزا تەبایی، جێگری کۆمسیۆنی دادوەری و مافی پەرلمانی ئێران بە ئاژانسی خانەی میللەتی سەر بە پەرلەمانی ئێرانی راگەیاندووە: "ئێستا زیاتر لە 200 ھەزار كەس لە ئێران لە زینداندان، بەداخەوە 60% زیندانیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە دەستبەسەر کراون و لە سێدارەدان و زیندانیکردنی درێژخایەن تەنیا زیانی کۆمەڵایەتیی لێکەوتووەتەوە و قاچاغچییەکانیشی چەکدار کردووە".

جێگری کۆمسیۆنی دادوەری و مافی پەرلمانی ئێران راشیگەیاند: "خێزانی لە سێدارەدراوان و ئەو زیندانیانەی سزای درێژخایەنیان بۆ دیاریکراوە، لە ژێر هەڕەشەی ئەنجامدانی تاوانی زیاتردان".

ئەمە لە كاتێكدایە دوومانگ لەمەوبەر، شەهیندوخت موڵاوێردی جێگری سەرۆك کۆمار، گوتبووی بەڕێوەبەری خێزانەکانی گوندێك لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران هەموویان لە سێدارە دراون و خێزانەکانیان ئەو مەترسییەیان لەسەرە تاوانی زیاتر ئەنجام بدەن.

لە دواین راپۆرتیدا رێكخراوی لێوردنی نێودەوڵەتی ئێرانی بە یەكێك لەو وڵاتانە ھەژماركردووە كە زۆرترین پێشێلكاری مافی مرۆڤیان تێدا ئەنجامدەدرێت، پێشتریش چەندین جار رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ رەخنەیان لە ئێران گرتووە لەسەر پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و سزای لە سێدارەدان لەو وڵاتە.