ده‌يان مامۆستاى زانكۆكانى ئێران دژى ده‌ستتێوه‌ردانى سوپاى پاسداران ده‌وه‌ستنه‌وه‌

زیاتر لە 300 مامۆستای زانکۆكانی ئێران لە نامەیەکدا پشتگیری سەرۆک کۆماری ئێرانیان کردووە.

K24 – هه‌ولێر:

زیاتر لە 300 مامۆستای زانکۆكانی ئێران لە نامەیەکدا پشتگیری سەرۆک کۆماری ئێرانیان کردووە.

ماڵپەڕی "کەلەمە"ی نزیک لە میرحوسێن مووسەوی ریفۆرمخوازی بەندکراوی ئێران، نامەیەکی بە واژۆی 347 مامۆستای زانکۆکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە، کە پشتگیری پرۆژەکانی سەرۆک کۆماری ئێران دەکەن.

ئەو مامۆستایانەی زانکۆ و دامەزراوە فێرکارییەکانی ئێران لە نامەکەیاندا رەخنەیان لە دەستتێواردانی سوپا لە کاروباری سیاسیدا گرتووە و رایانگەیاندووە، بە داخەوە لەم رۆژانەدا هەندێک لە دامەزراوەکان، کە بە گوتەی ئیمام خومەینی نابێت دەست لە سیاسەت وەربدەن، بە ئاشکرا لەبەرامبەر خواستی خەڵکدا دەوەستنەوە.

لە بەشێک لە نامەکەدا نووسراوە: گومانی تێدا نییە، گەیشتن بە رێککەوتنی ناووكى لەگەڵ هێزە جیهانییەکان لە پرۆسەیەکی دژوار و ئاڵۆزی دیپلۆماتیی چەندین مانگیدا، وەک رووداوێکی بێ وێنەیە و لە مێژووی چارەسەرکردنی ئاشتییانە کێشە نێودەوڵەتییەکاندا نموونەی تێگەیشتنە.

نامەی ئەو 347 مامۆستایە لە کاتێکدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، کە فەرماندەکانی سوپای پاسداران دەڵێن: ئەو رێککەوتنە هیچ سوودێکی لێنەکەوتووەتەوە.

به‌ گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌ى كۆمارى ئيسلامى ئێران له‌ 14ى ته‌مموز/ يۆليۆى 2015، له‌ ڤيه‌ننا له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌ندامى هه‌ميشه‌يى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و ئه‌ڵمانيا واژووى كردبوو، رێگه‌ به‌ ئێران دراوه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى له‌ بوارى وزه‌ى ناووكى له‌ پێويستى ئێران زياترن بيانفرۆشێت و هه‌روه‌ها گه‌مارۆكانى سه‌ر ئێران لاده‌برێن.