ویلایەتی: ئێران پشتگیریی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند، ئێران پشتگیری یەکپارچەیی خاکی سووریا و حکوومەتی یاسايی بەشار ئەسەد دەکات.

K24 – هه‌ولێر:

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند، ئێران پشتگیری یەکپارچەیی خاکی سووریا و حکوومەتی یاسايی بەشار ئەسەد دەکات.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ئه‌مڕۆ چاوی بە باڵیۆزی سووریا لە تاران کەوت و گوتی: ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی دژایەتیی هەموو ئەو پرۆژانە دەکات، کە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی سووریا بێت و هەڵبژادنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی سووریاش ئەنجامی بەهێزبوونی حکوومەت و وردبوونەوەی خەڵکی سووریا بوو.

ویلایەتی گوتیشی: ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی لایەنگری تیرۆریزم دەیانەوێت، حکوومەتێکی لایەنگری خۆیان لە سووریا دەسەڵات بگرێتە دەست.

لە ماوەی پێنج ساڵی شەڕ و پێکدادانە ناوخۆییەکانی سووریا، ئێران بەردوام پشتگیریی بەشار ئەسەدی کردووەو تا ئێستا دەیان سەرباز و چەکداری پلەداری ئێرانی لە سووریا کوژراون.