ئەمریکا لە شەڕوکوشتاری چەند رۆژی رابردووی شاری قامیشلۆ نیگەرانە

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئاکامی 72 كاتژمێر شەڕ وپێکدادان لەو شارە، بە دەیان کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی و ژمارەیەک سەربازی سەر بە رژێمی سووریا کوژراون.

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانە لە شەڕ و كوشتاری چەند رۆژی رابردووی شاری قامیشلۆ.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن، ئەلیزابێت ترودۆ، بەڕێوەبەری ئۆفیسی راگەیاندن لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ئەمریکا ئاگاداری ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان ھێزەکانی ئاسایشی قامیشلۆ واتا ھێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و ھێزەکانی رژێمی ئەسەد روویانداوە و واشنتن نیگەرانە لەو شەڕوئاڵۆزیانە، بەتایبەتی ئێستا کە زیاتر لە مانگێکە ئاگربەست لە سووریا ھاتووەتە ئاراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئاکامی 72 كاتژمێر شەڕ وپێکدادان لەو شارە، بە دەیان کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی و ژمارەیەک سەربازی سەر بە رژێمی سووریا کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسی ئۆفیسی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ستایشی رۆڵی ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد بەوەی تاکە ھێزی زەمینی بوون توانیان بە تەنیا رووبەڕووی چەکدارانی داعش ببنەوە.

لە 20ی نیسانی 2016، لە شاری قامیشلۆ شەڕ لە نێوان ھێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا و رژێمی سووریا روویدا، ئێوارەی 22 نیسان ھێزەكانی ئاسایش و یەپەگە لە ئاگربەستیان راگەیاند.