تەقینەوەیەک لە باشووری دیمەشق روویدا
کەناڵێکی سەر بە حزبوڵڵای لوبنان: خاڵێکی پشکنینی سەر بە سوپای حکوومەتی سووریای کردە ئامانج

K24-هەولێر
تەلەفزیۆنی مەناری سەر بە حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو ئەمڕۆ دووشەممە خاڵێکی پشکنینی سەر بە سوپای حکوومەتی سووریای لە باشووری دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە کردە ئامانج.
تەلەفزیۆنی مەنار راشیگەیاند: ئۆتۆمبێلێە بۆمبرێژکراوەکە خاڵێکی پشکنینی سەر بە سوپای سووریای لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشووری دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە کردە ئامانج.
هاوکات روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی بەشار ئەسەدە رایگەیاند: تەقینەوەکە شەش برینداری لێکەوتووەتەوە و پێشبینیی دەکرێت بەهۆی سەختیی برینی بریندارەکان ژمارەی کوژراوەکان زیاتر ببێ.
لە ساڵی 2011وە شەڕی نێوخۆ لە نێوان رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد و گرووپە بەرهەڵستکارەکانی بەردەوامە و تائێستا سەدان هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و بە ملیۆنەها هاوڵاتییانی سووریا بەهۆی ئەو شەڕەوە ئاوارە بوونە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا سووریا بەسەر پێنج ناوچەی دەسەڵات دابەشبووە کە بریتین لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا و ناوچەکانی بندەستی داعش و ناوچەکانی بندەستی گرووپی بەرەی نوسرەی سەر بە رێکخراوی قاعیدە و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سووریای دیموکراتدان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریای ئازاد و لایەنگرانی.
ئا: ئا ، ف