ئەنادۆلۆ: تورکیا 900 ئەندامی داعشی کوشتووە لە سووریا

"لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە سووریا کوژراون"

K24-هەولێر

ئاژانسی هەواڵدەری ئەنادۆلۆی فەرمیی تورکیا رایگەیاند هێزەکانی تورکیا لە مانگی یەکی ئەم ساڵەوە بە رێگەی هێرشی ئاسمانیی و بۆردوومانی تۆپخانەکانەوە نزیکەی 900 ئەندامی رێکخراوی داعشیان لە سووریا کوشتووە.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ دووشەممە راشیگەیاند: تورکیا کە بەشدارە لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی" بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە رێکەوتی 9/1/2016 وە بە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە "492 تیرۆریستی" کوشتووە و لە هەمان رێکەوتەوە بە رێگەی بۆردوومانی تۆپخانەکانەوە "370 تیرۆریستی" دیکەی کوشتووە و بۆردوومانەکان بوونەتە هۆی خاپوورکردنی چەند ئەمبارێکی چەک.

بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ تا ئێستا ئەم هەواڵەی ئەنادۆلۆی پشتراست نەکردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە چەند وڵات و لایەنێک وەک بەتایبەت رووسیا تورکیا بە پاڵپشتیکردنی چەکدارانی داعش بە چەک و کەرەستەی سەربازیی و مامەڵەی بازرگانیی، تۆمەتبار دەکەن.

تا ئێستاش چەند جارێک شارە سنوورییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دووچاری تۆپرانکردن بوونەتەوە کە تورکیا دەڵێ ئەو تۆپانە و مووچەکانە لە نێو خاکی سووریاوە ئاراستەی شارەکانی تورکیا دەکرێن.

ئا: ئا ، ف