داعش پێنج گوند لە باکووری سووریا کۆنتڕۆڵ دەکات
K24-هەولێر
روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند چەکدارانی داعش ئەمڕۆ چوارشەممە دەستیان گرتە سەر پێنج گوند لە باکووری پارێزگای حەلەب لە سووریا.
روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە راشیگەیاند: چەکدارانی داعش ئەمڕۆ دەستیان گرتە سەر پێنج گوندی سەر بە شارۆچکەی ئیعزاز لە باکووری پارێزگای حەلەب لە نزیکی سنووری هاوبەشی سووریا و تورکیا کە لە ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە بە دەیان هەزار ئاوارە لەو ناوچەیە نیشتەجێن کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریادان و داعش بەردەوام هێرشی بۆ دەکات.
هاوکات هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ناوچەی ئیعزاز رووبەڕووی چەکدارانی داعش و هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەبنەوە لە یەک کاتدا.
هەروەها بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری ئەسۆشەیتد پرێس ئەم پێشڕەوییەی داعش پێگەی رێکخراوەکە بەهێزتر دەکات بۆ ئەوەی پەلاماری شارەکانی ماریا و ئیعزاز بدەن لە باکووری سووریا، لە کاتێکدا سووریا ئێستا بەسەر پێنج ناوچەی دەسەڵاتی جیاجیا دابەش بووە و زیاتر لە پێنج ساڵە بە دەستی شەڕی ناوخۆوە دەناڵێنێ، کە بە سەدان هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
ئەم پێشڕەوییەی داعش دوای چەند شکستێکی رێکخراوەکە هات کە بەهۆیانەوە سوپای حکوومەتی سووریا شاری تەدموری لە بیابانی سووریا لە بندەستی چەکدارانیدا دەرکرد.
ئا: ئا ، ف