ئاژانسێکی رووسیا: ئەمریکا هێزی زیاتری رەوانەی سووریا کرد

لە رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێبوونە

K24 - ھەولێر

بۆ ھاوكاریكردنی زیاتری ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریا  لە شەڕ دژی داعش، ئەمریكا ھێزێكی تایبەتی لە باكووری سووریا جێگیر كرد.

ئاژانسی سپۆتینکی رووسی بڵاویكردەوە: "ئەمریكا ھێزێكی تایبەتی رەوانەی باكووری سووریا كرد، 150 سەرباز لە رێگەی ھەلیكۆپتەرەوە گەیشتونەتە فڕۆكەخانەی رومێلانی پارێزگای حەسەكە، بەشێكی دیكەی ئەو ھێزەش لە رێگای سنووری عێراق گەیشتونەتە عەین عیسای ریفی رەقەی باكووری سووریا".

بەگوێرەی زانیاری ئەو ئاژانسە كە لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان بڵاویكردوەتەوە: "ئەركی بەشێك لەو ھێزەی ئەمریكا مەشق و راھێنان دەبێت بە ھێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و بەشێكی دیكەشیان سەربازی ھەواڵگرین".

پێشتر راگەیاندرابوو كە باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر ناردنی 250 سەربازی دیكەی وڵاتەكەی بۆ باكووری سووریا دەكاتە رۆژئاوای كوردستان.

ئەمە لە كاتێكدایە دوو هەفتە لەمەوبەر، سوپای ئەمریکا، بنکەیەکی سەربازی لە رۆژئاوای شارۆچکەی سەرێکان، نزیک کۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان دروستکرد بۆ راهێنانی سەربازی بە هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە).