5 هاووڵاتی جۆرجی به‌هۆی بازرگانیكردن به‌ یۆرانیۆم ده‌ستگیركران

K24 - هه‌ولێر:

ئاسایشی جۆرجیا رایگەیاند، باندێكی 5 كەسییان ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ سه‌رقاڵی بازرگانیكردن بوونه‌ بە یۆرانیۆم 238 و 235 و نزیكەی كیلۆیەك و نیو لەم مادانە بەبری 3 ملیۆن دۆلار بفرۆشن، به‌ڵام تا ئێستا ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ كڕیاری ئه‌و مادانه‌ی ئاشكرانه‌كردووه‌.

جۆرجیا وڵاتێكە سەر بەیەكێتی سۆڤییەتی پێشوو بووە و لەوەتەی ئەم یەكێتییە لە ساڵی 1991 پارچە بووە، گومان دەكرێت مادەی تیشكدەر و یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە كەوتبێتە دەست بانده‌ مافیاكان و وڵاتانێك كە بازرگانی بەم مادانە بكەن.

ئەم مانگە ئاسایشی جۆرجیا ژماره‌یه‌ك ھاوڵاتی جۆرجی و ئەرمەنی دەستگیركرد ئەوكاتەی ویستبوویان بەبری 200 ملیۆن دۆلار  یۆرانیۆم 238 بفرۆشن.

یۆرانیۆم ماده‌یه‌كی تیشكده‌ره‌ و به‌ پیتاندنی و له‌گه‌ڵ چه‌ند ماده‌یه‌كی دیكه‌ی كیمیایی، وزه‌ی ئه‌تۆمی لێ دروست ده‌كرێت.