"بير‌ى خێزانه‌كه‌م ده‌كه‌م, به‌ڵام ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه"
له راپۆرتێكدا رۆژنامه‌ی گاردیان باس له بارودۆخی منداڵه په‌نابه‌ره‌كان ده‌كات له كالێی فه‌ره‌نسا
K24 – هه‌ولێر
رۆژنامه‌ی گاردیان به‌ریتانیی راپۆرتێكی ئه‌میلیا جێنتلمان به ناونیشانی "بیری خێزانه‌كه‌م ده‌كه‌م، به‌ڵام ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه" بڵاوكرده‌وه.
نووسه‌ری راپۆرته‌كه باسی بارودۆخی منداڵه په‌نابه‌ره‌كان ده‌كات له كالێی فه‌ره‌نسا ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووده‌كه‌ن به بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه بچنه ناو به‌ریتانیا.
نووسه‌ری راپۆرته‌كه چاوی به گرووپێك له منداڵان كه‌وتووه كه ته‌مه‌نه‌كانیان له نێوان 10 بۆ 13 ساڵان بووه، ئه‌وان به‌بێ خێزانه‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته كالێ كه ده‌كه‌وێته سنووری فه‌ره‌نسا-به‌ریتانیا.
ئه‌میلیا جێنتلمان نووسيويه‌تی: "ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی تێدا نیشته‌جێن شوێنی خۆشووشتنی لێ نییه، هه‌روه‌ها كه‌ره‌ڤانه‌كان كه له هه‌ر كه‌ره‌ڤانه‌یه‌ك 3 منداڵی تێدا نیشته‌جێیه، ئاوی تێدا نییه دابیننه‌كراوه".
ئه‌و نووسه‌ره ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه: "ژه‌مه خواردنه‌كانی كه پێشه‌كه‌شیان ده‌كرێت بریتییه له برنج و فاسۆلیا".
له چاوپێكه‌وتنێكيشدا كه نووسه‌ری راپۆرته‌كه له‌گه‌ڵ خۆبه‌خشه‌كانی كردووه ئه‌وانه‌ی چاودێری و گرینگیی به‌و منداڵانه ده‌ده‌ن، ئه‌وان دووپاتیانكردووه‌ته‌وه: باری ژیری و عه‌قڵی ئه‌و منداڵانه پاشه‌كشه ده‌كات، چونكه ئه‌وان به باشی ناخه‌ون و له حاڵه‌تی ترسی به‌رده‌وامدان، هه‌روه‌ها ئه‌وان به ده‌ست بینینی خه‌وی ناخۆشه‌وه ده‌ناڵێنن.
ئه‌و خۆبه‌خشانه ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌شكردووه: هه‌ندێك له‌و منداڵانه په‌شیمانن خۆیان خستووه‌ته ئه‌و مه‌ترسییه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان ناتوانن بگه‌ڕێـنه‌وه وڵاته‌كانیان، هه‌روه‌ها هه‌ندێك له منداڵان ئه‌وه‌یان ده‌ربڕیوه بیری دایكیان و خێزانه‌كانیان ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه: bbc