تاران: سعوودیه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی حاجییانی ئێران جدی نییه‌

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی رێکخراوی حەج و زیارەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، سعوودییە لە مەراسیمی حەجی ئەمساڵدا بەڕاستی هەوڵی وەرگرتنی حاجییانی ئێران نادات.

سەعید ئەوحەدی، گوتی: هەڵسوکەوتی نابەجێ و ناڕێکی سعوودییەکان، پێشان دەدات ئەم وڵاتە ئیرادەی شێلگیرانەی بۆ وەرگرتنی حاجییانی ئێرانی نییە".

ئەوحەدی، بە پەیامنێری ئاژانسی فارسنیوزی راگەیاند، ئه‌وان بۆ بەجێگەیاندنی  داخوازی ئەو که‌سانەی دەیانەوێت زیاره‌تی حەج بكه‌ن، ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن.

سەرۆکی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران، گوتیشی: "ئێستا بۆ رێکخستنی کاروباری حاجییان چوار مانگ کاتمان لەدەستداوە و تەنیا مانگێکمان بەدەستەوە ماوە".

هەروەها گوتی: "تا هەفتەی داهاتوو دەبێ کێشەی ناردنی حاجیانی ئەمساڵ چارەسەر بکرێت".