فلیپ ھامۆند: چالاكییەكانی داعش لە لیبیا مەترسی بۆ سەر سەقامگیری ئەوروپا نییە
دوای ئەوەی چەند ناوچەیەكی لە عێراق و سووریا لە دەست دا، داعش لە ھەوڵدایە پێگەی خۆی لە لیبیا بەھێزبكات و دەست بە سەر سەرچاوەكانی وزەی ئەو وڵاتە دابگرێت.

K24 – ھەولێر:
فیلیپ ھامۆند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیان، كە مۆڵگە و چالاكییەكانی رێكخراوی داعش لە لیبیا مەترسی بۆسەر سەقامگیری ئەوروپا نییە.
فیلیپ ھامۆند، راشگەیاند، كە حكوومەتی لیبیا نیازی داواكاری ھاریكاری رۆژئاوای نییە لە رووبەرووبوونەوەی رێكخراوە تیرۆرستییەكانی لیبیا.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ھیوای خواست كە حكوومەتی لیبیا بتوانێت پارێزگاری لە حكوومەتی یەكێتی نیشتیمانی بكات و یەكگرتنی تەواوی پێكھاتەكانی وڵاتەكەی لێبكەوێتەوە.
فلیپ ھامۆند جەختیشی لەوە كردەووە، كە بەریتانیا لە تەك ھاوپەیمانەكانی تەواوی ئامادەی ھاریكاری بۆ حكوومەتی یەكێتی تێدایە و ھاوكات لە ئێستا ھەوڵی راھێنانی سەربازانی ئەو وڵاتە دەدەین.
داعش لە مانگی 10 ساڵی رابردوو، ھێرشی بۆ سەر پاڵاوگە سەرەكییەكانی نەوت و وزە لە لیبیا دەستپێكرد، دوای ئەوەی چەند ناوچەیەكی لە عێراق و سووریا لە دەست دا، داعش لە ھەوڵدایە پێگەی خۆی لە لیبیا بەھێزبكات و دەست بە سەر سەرچاوەكانی وزەی ئەو وڵاتە دابگرێت.