چیك رواێژكار و راھێنەری سەربازی رەوانەی عێراق دەكات

میدیاکانی چیک بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، حکوومەتی چیک، بڕی 10ملیۆن و 700 هه‌زار دۆلاری بۆ ئەو ھاوکارییە سەربازییەی عێراق تەرخانکردووە.

K24 – ھەولێر:

پەرلەمانی کۆماری چیک، بڕیاری ناردنی راوێژکار و راهێنه‌ری فڕۆکەی جه‌نگی بۆ عێراق پەسەند کرد.

پەرلەمانی چیک بڕیاری ناردنی  35راوێژکار و راھێنەری سەربازی بۆ عێراق په‌سه‌ند كرد، ئه‌و راوێژكار و راهێنه‌ره‌ چیكییانه‌ ئه‌ركیان مەشقپێکردنی فڕۆکەوانانی عێراقی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و فڕۆكه‌ جه‌نگیانه‌ی وڵاته‌كه‌یان به‌ عێراقی فرۆشتووه‌.

ساڵی رابردوو، کۆماری چیک 15 فڕۆکەی جەنگی لەجۆری ئێڵ 159 ئێس به‌ عێراق فرۆشت، بڕیارە ئەو راوێژکار و راھێنەرە سەربازییانە مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو بگه‌نه‌ به‌غدا و له‌ بنکەی سەربازی بەلەد، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باکووری بەغدا جێگیر بكرێن.

میدیاکانی چیک بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، حکوومەتی چیک، بڕی 10ملیۆن و 700 هه‌زار دۆلاری بۆ ئەو ھاوکارییە سەربازییەی عێراق تەرخانکردووە.

لە ماوەی رابردوو چیك چەندین جۆری چەك و پێداویستی مرۆیی بۆ عێراق رەوانەكرد.

لە سەردەمی كابینەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی عێراق حكوومەتی عێراق 15 فرۆكەی لە چیك كڕی بەڵام رادەستكردنەوەی فڕۆكەكان دواكەوت.