به‌ڤیدیۆ.. كه‌ته‌لۆنیاییه‌كان كه‌سێكی ناسراوی یاریگه‌ی كامپ نوویان له‌ده‌ستدا

هیچ یاریزانێکی بارسێلۆنا نییە یادگارییەکی لەگەڵ نەبێت

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/419f7cc6-2576-4d66-a350-0d9b5b1a1e9e/Manel%20Vich.ism/manifest

ئێوارەتان باش بەخێر بێن بۆ کامپ نوو، دوای ٦٠ ساڵ ئەم دروشم و دەنگە لە یاریگەی کامپ نوو خامۆش دەبێت و تاهەتایە کەتەلۆنییەکان لە یاریگە گوێیان لەم دەنگە نابێتەوە.

مانێل ڤیچی کۆمێنتکاری بەناوبانگی ناو یاریگەی کامپ نوو لە تەمەنی ٧٨ ساڵی کۆچی دوایی کرد و ئەو پیاوە پیرەی هیچ یاریزانێکی بارسێلۆنا نییە یادگارییەکی لەگەڵ نەبێت، دوای ٥٨ ساڵ یاریگەی کامپ نوو بۆ هەتاهەتایە بەجێدەهێڵێت.

مانێل ڤیچ کە بە دەنگی بارسێلۆنا ناوزەد دەکرێت، هەفتەی رابردوو بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی ئامادەی یاریی بارسێلۆنا بێت لە بەرامبەر سپۆرتینگ خیخۆن، کە لەوەتەی لە ساڵی ١٩٥٨ەوە بووەتە کۆمێنتکاری ناو یاریگەی کامپ نوو ئەمە تەنیا شەشەمین یاریی بوو ئەو دەنگەی بارسێلۆنا لە گوێی هاندەرانی کامپ نوو نەزرێنگێتەوە و مانێل ڤێج ئامادەی یارییە بلاوگرانا نەبێت.

لە کاردانەوە سەرەتاییەکان یانەی بارسێلۆنا بڕیاری دا سێ رۆژ پرسە رابگەیەنێت و گشت تیپەکانی یانەکە بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانیان خولەکێک بێدەنگ بۆ رێزگرتن لە رۆحی ڤیچ بوەستن و پەڕۆی رەش لە قۆڵیان ببەستن، جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی یانەکەش لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی دەنگت بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە، رۆحت شاد بێت، بۆیان کریکیچی یاریزانی ئێستای ستۆک سیتی ئینگلیزی کە پێنج ساڵە کامپ نووی بەجێهێشتوە لە تویتەری خۆی لەبارەی کۆچی دوایی ڤیچەوە نووسیوتی ئێوارەی هەمووتان باش، بەخێر بێن بۆ یاریگە، هەرگیز ئەم دروشمە لەیاد ناکەین، رۆحت شاد بێت.

رۆناڵدینهۆی ئەستێرەی بڕازیلی پێشووی بارسێلۆنا لە کاتی تۆمارکردنی چەندین گۆڵی لە کامپ نوو دەستی بۆ سەرەوە بەرزدەکردەوە و ئاماژەی بۆ شوێنی دانیشتنی مانێل ڤیچ دەکرد، چونکە مانێل دوای تۆمارکردنی گۆڵەکان بە دەنگێکی بەرز ناوی گۆڵکارەکەی دەگوتەوە.

بارسا لەم وەرزە نزیکە لەوەی لالیگا و جامی شای ئیسپانیا بەدەست بهێنێت، بەڵام یانەکە دەبێت بەبێ دەنگەکەی مانێل ڤیچ ئاهەنگی بەدەستهێنانی ئەو دوو ناسناوە بگێڕێت.