بهڤیدۆ.. ئهگهر لیستهر سیتی ببێته پاڵهوان كێ سوودمهند و كێ زهرهرمهند دهبێت؟
بهدهستهێنانی پرێمهر لیگ له لایهن لیستهر سیتییهوه نووسینگهكانی گرهوكردنی ههژاندووه
لیستەر سیتی لەو سێ یارییەی لەم وەرزە ماوییەتی، تەنیا پێویستی بە بردنەوەیەکە بۆ ئەوەی بەفەرمی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ و گەورەترین سوپرایزی مێژووی تۆپی پێ، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هەرکەسە و ژمێرەرێک بگرێتە دەست و زەرەر و قازانجی خۆی لەم شۆکە مێژووییە دیار بکات.
بەدەستهێنانی پرێمەرلیگ لەلایەن لیستەر سیتییەوە نووسینگەکانی گرەوکردنی شلۆق کردووە، کۆمپانیای ویلیام هیل بەهۆی ئەنجامەکانی لیستەرەوە گەورەترین زەرەرمەند دەبێت، کە ئێستا بەلایەنی کەم ئەو کۆمپانیایە ٣ ملیۆن پاوەند زەرەر دەکات و لەوانەشە ئەگەر ئەو یانەیە بەفەرمی ببێتە پاڵەوان، ئەوا زەرەرەکانی کۆمپانیاکە بگاتە ١٠ ملیۆن پاوەند.
سوودمەندترین کەس لەم شۆکەی رێوییەکان، هاندەرێکی لیستەر سیتییە، کە بە ٧٥ پاوەند گرەوی لەسەر بەدەستهێنانی پرێمەرلیگ لەلایەن یانە خۆشەویستەکەی کردووە و لەوانەیە یەکشەممەی داهاتوو بە بردنەوەی یانەکەی لە مانچێستەر یونایتد نزیکەی ١١٥ هەزار پاوەند مسۆگەر بکات.
گاری لینیکەر یەکێکی دیکەیە لە زەرەرمەندەکانی شۆکەکەی فۆکسەکان، کە بەڵێنی داوە ئەگەر لیستەر بووە پاڵەوانی پرێمەرلیگ ئەوا ئەڵقەیەکی بەرنامەی ماچ ئۆف زە دەی بە جلی ژێرەوە پێشکەش بکات و چەند رۆژێک لەومەبەر رایگەیاند کە لەسەر بەڵێنەکەیەتی و داوای لە بەڕێوەبەریانی کەناڵی بی بی سی کردووە رێگەی پێبدەن بەڵێنەکەی بهێنێتە دی.
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی پێچەوانەی هاندەرانی لیتسەر بە پاڵەوانبوونی جەیمی ڤاردی و ریاز مەحرز دڵتەنگ دەبێت، ئەحمەد حوسام میدۆی یاریزانی میسری پێشووی تۆتێنهام هۆتسپێرسە، چونکە بەڵێنی داوە ئەگەر لیستەر سیتی ببێتە پاڵەوان قژی سفر بکات.
تۆم هانکسی ئەکتەری بەناوبانگی هۆلیوودیش یەکێکە لە قازانجمەندەکانی دەستکەوتە مێژووییەکەی تیپەکەی کلاویۆ رانیێری و ئەگەر لیستەر ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، ئەوا نزیکەی نیو ملیۆن پاوەند لە نووسینگەکانی گرەوکردن بەدەست دەهێنێت.
بەر لە دەستپێکردنی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ ئەگەری بەدەستهێنانی ناسناوی خولەکە لەلایەن لیستەر سیتییەوە ١ لەسەر ٥ هەزار بوو، بۆیە لە ئێستاوە گرەوکاران خەریکی ئەوەن بە ژمێرەرەکەی دەستیان زەرەر و قازانجی خۆیان لێکبدەنەوە.
شەقامەکانی شاری لیستەر ئێستا بە کاتێکی مێژوویی تێپەڕ دەبن و شارەوانی شارەکە بەڵێنی داوە چەند شەقامێکی شارەکە بەناوی رانیێری و یاریزانەکانییەوە بکات و لە قاوەخانەیەکی ئەو شارە قاوەی تایبەت بە یاریزانەکانی لیستەر بە میوانەکان دەدرێت، کە دەموچاوی راهێنەر و یاریزانەکانی لەسەر نەخشێنراوە.