كڵاودیۆ براڤۆ ماڵئاوایی له‌م وه‌رزه‌ ده‌كات

كلاودیۆ براڤۆ، گۆڵپارێزی یانه‌ی بارسێلۆنا دوای ئه‌وه‌ی له‌ خوله‌كی 88ـی یارییه‌كه‌ی دوێنێیان به‌رامبه‌ر ریال بێتیس به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاریگه‌ی جێهێشت و ڕه‌نگه‌ تا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌یش نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.

كه‌مێك پێش ئێستا له‌سه‌ر پێگه‌ی ماركا بڵاو كرایه‌وه‌، براڤۆ ناتوانێت به‌شداریی 4 یاریی داهاتووی یانه‌كه‌ی بكات.

به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه‌، ئه‌مرۆ پشكنینی پزیشكی بۆ براڤۆ كراوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و گۆڵپارێزه‌ چیللییه‌ له‌ ماسولكه‌كانی ئه‌ژنۆی ڕاستی تووشی كێشه‌ و درزی ئیسكه‌كانی هاتووه‌.

تا ئێستا یانه‌ی بارسێلۆنا له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمی خۆی هیچ شتێكی له‌ باره‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی ماوه‌ درێژی براڤۆ نه‌خستۆته‌ ڕوو، به‌ڵام ماركا به‌ مانشێتێكی گه‌وره‌ نووسیویه‌تی: ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ براڤۆ كۆتایی هاتووه‌.

یانه‌ی بارسێلۆنا یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ یاریی دێربی ڕووبه‌ڕووی یانه‌ی ئیسپانیۆلی هاوشاری ده‌بێته‌وه‌.