ئێران گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ بەغدا راگرت
"گەشتیاران دەگوازنەوە نەجەف"
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری رێکخراوی حەج و زیارەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، هەموو گەشتەکانی فڕۆکە گەشتیارییەکانی ئێران بۆ بەغدا راگیراون.
سەعید ئەوحەدی بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای راگەیاندووە: "بە هۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی لە رۆژی شەممەوە لە بەغدا ھەیە، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بەرەو بەغدا راگیراون و فرۆکەكانی ئێران گەشتیارانی لە وڵات بەرەوە شاری نەجەف دەگوازنەوە".
بەڕێوەبەری رێکخراوی حەج و زیارەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرای نەكردووە، گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەیان بۆ بەغدا كەی دەست پێدەكاتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ بڕیاربوو پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر تەواوكردنی پێكھاتەی كابینەی نوێی عێراق بدات، بەڵام خۆپێشاندەران لە بەغدا ھەڵیان كوتایە سەر پەرلەمانی عێراق و باری لە ناكاو لە بەغدا راگەیاندرا.