ئێران دەڵێ ئامادەیە هاوکاریی عێراق بکات بۆ چارەکردنی قەیرانەکەی

داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات هەوڵی هێوردکردنەوە بدەن

K24-هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند پاراستنی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و رێزگرتن لە سەروەریی یاسا سەقامگیریی دەستەبەر دەکات و ئێران دەڵێ ئامادەیە هاوکاریی عێراق بکات بۆ چارەکردنی قەیرانەکەی.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جابری ئەنساریی ئەمڕۆ دوشەممە لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "پاراستنی پرۆسەی سیاسیی و دەستکەوتە سیاسییەکانی گەلی عێراق لە دوو دەیەی رابردوو و رێزگرتن لە سەروەریی یاسا لە عێراق سەقامگیریی و بەردەوامبوونی پەرەپێدان و چەسپاندنی پێکهاتنی نیشتمانیی لە عێراق مسۆگەر دەکات".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاوکات داوای لە هەموو لایەنەکانی عێراق کرد هەوڵی هێوردکردنەوە بدەن و کەشی گونجاو بێننە کایەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکانی عێراق بە گفتوگۆ و لەیەک تێگەیشتن".

جابری ئەنساریی هیواشی خواست "پرسەکانی ئێستای عێراق لە سایەی ئاگاداریی گەل و حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و رێنەمایی مەرجەعییەتەکانەوە چارە بکرێن بۆ خزمەتکردنی رۆڵەکانی گەلی عێراق".

ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەلیم جبووریی رایگەیاند پەرلەمان دوای یەکلاییکردنەوەی هەموو پرسەکان لە لایەن لایەنە سیاسییەکان و مەرجەعییەتە ئایینییەکان و لێپێچینەوە لەگەڵ تێوەگڵاوەکان و کەمتەرخەمەکان و هاوکارانیان، دەست بەکار دەبێتەوە و بە دووری نەزانم حکوومەت و دەوڵەت و پرۆسەی سیاسیی "پەیکەربەند بکرێنەوە".

ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو خۆپێشاندەران کە دەگوترێ بەشی هەرە زۆریان لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەبن لە بەغدا هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا و بۆ ماوەیەک داگیریان کرد.

هاوکات خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر چەند پەرلەمانتارێکی عێراقیی و ئەشکەنجەیان دان و دوابەدوای رووداوەکە حکوومەتی عێراق باری لەناکاوی لە بەغدا راگەیاند.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی نەرەزایەتییەکانی خۆپێشاندەران لە بەغدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لە عێراق دوور لە بەشبەشینەی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبیی.

ئا: ئا ، ف