ئاستى ئاوى قه‌زوين دابه‌زيوه‌

دوای وشکبوونی بەشی زۆری ئاوی گۆلی ورمێ، ئاوی دەریای قەزوينیش بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە. بە مەودای یەک کیلۆمیتر لە ئەسکەلەی بەندەری تورکمەن دوور کەوتووەتەوە.

K24 – هه‌ولێر:

دوای وشکبوونی بەشی زۆری ئاوی گۆلی ورمێ، ئاوی دەریای قەزوينیش بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە. بە مەودای یەک کیلۆمیتر لە ئەسکەلەی بەندەری تورکمەن دوور کەوتووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ميهر بڵاويكرده‌وه‌، ئاوی دەریای قەزوين لە کەنداوی گورگانەوە کە تەنیا کەنداوی سەر دەریاچەکەیە، بە مەودای یەک کیلۆمه‌تر دوورکەوتووەتەوە و ئەسکەلەی کەنداوەکە کە بە هۆی قووڵبوونی دەریاکە کەڵکی بازرگانی لێوەردەگیرا، ئێستا بێ کەڵک ماوەتەوە.

راپۆرتەکەی ميهر دەڵێت: کەمبوونەوەی ئاوی دەریای قەزوين جگە لەمە، بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە و بەرکەوتنی کەشتییەکان بە خاکی ژێر دەریاوە، بۆگەنێکی ناخۆشی بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها بە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی کەنداوی گورگان، ژیانی ماسیيەکانی خاویاریش لە ژێر مەترسی دایە.

دەریای قەزوين کە بە ناوەکانی، "مازندەران"، "خەزه‌ر" و "کاسپیەن"یش ناسراوە، کەوتووەتە نێوان، ئێران، تورکمانستان، کازاخستان، رووسیا و کۆماری ئازەربایجانەوە.