داهاتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو زیاتر لە 3 ملیار دۆلار بووە

"هەناردەکردنی نەوتی عێراق ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد"

K24-هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند هەناردەی نەوتی خاوی عێراق مانگی نیسانی رابردوو ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق عاسم جیهاد لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: هەناردەی نەوتی خاوی عێراق مانگی نیسانی رابردوو ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە 3 ملیۆن و 364 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە 3 ملیار دۆلاری ئەمریکی و هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتە بە 33.257 دۆلار فرۆشراوە.

عاسم جیهاد گوتیشی: "تێکرای نەوتی هەناردەکراوی عێراق (لە مانگی نیسانی رابردوو) لە کێڵگەکانی باشوور و ناوەڕاست و بەندەرەکانی باشوورەوە گەیشتە 100 ملیۆن و 916 هەزار بەرمیل و تێکرای نەوتی هەناردەکراوی مانگی رابردوو بە بەراورد لەگەڵ مانگی سێی رابردوو ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە".

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەشی کرد: "هیچ بڕە نەوتێک لە باکوورەوە (کەرکووک-بەندەری جەیهان) بە رێگەی کۆمپانیای نەوتی فرۆشتنی نەوتی عێراق سۆمۆوە هەناردە نەکراوە بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمەوە (هەرێمی کوردستان) بە رێککەوتنی نەوتیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق".

ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە حکوومەتی عێراق بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنی نێوانیان لەبارەی هەناردەکردنی نەوتەوە تۆمەتبار دەکات.

بەپێی بۆرسەکانی بازاڕەکانی نەوتی خاو لە جیهان نرخی بەرمیلێکی نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت زیاتر لە 45 دۆلارە، بەڵام نەوتی خاوی عێراق بەردەوام بە نزیکەی کەمتر لە 5 دۆلار لە نرخی نەوتی جۆری برێنت لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت.

ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment