ئەمریكا ھۆشداری دەداتە بەشار ئەسەد

"درێژە بە ئاگربەستەکەی سووریا بدرێت"

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە ھۆشداری دایه‌ رژێمی بەشار ئەسەد، تا کۆتایی بە ھێرشەکانی بۆ سه‌ر حەلەب بێنێت.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا لە واشنتۆن جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگه‌یاند: "پێویستە ئەسەد و سوپاکەی رێز لە ئاگربەستەکەی سووریا بگرن، ئەگینا ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە بۆ ئەسەد".

گوتیشی: "له‌و بڕاویەدا‌م رژێمی ئەسەد ھیچ سوودێک لە دەستپێکردنەوەی شه‌ڕو پێكدادانه‌كاندا نابینێت، چونکە رووسیای ھاوپەیمانی دژی دەستپێکردنەوەی شەڕە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند: "ھیوادارم درێژە بە ئاگربەستەکەی سووریا بدرێت، کە مانگی شوباتی رابردوو له‌ رێککەوتنی واشنتۆن و مۆسکۆ ھاتووه‌تە ئاراوە، له‌ پێناو گه‌یاندنی هاوكاریی مرۆیی به‌و ناوچانەی کە زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن هێزه‌كانی رژێمی سووریاوە گه‌مارۆیان لەسەرە و ھیچ ھاوکارییەکیان بەدەست نه‌گه‌یشتووه‌".

لە 22ی نیسانی ئەمساڵەوە رژێمی سووریا بە چڕی بۆردومانی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی ئۆپۆزیسۆنی سووریا دەكات، بە گوێرەی ئاماری روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ تەنھا لە ماوەی ھەفتەیەكدا زیاتر لە 200 كەس گیانیان لە دەستداوە.