ترامپ سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی بەدەستهێنا
بەربژێرێکی سەرەکیی کۆمارییەکان هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی هەڵپەسارد
K24-هەولێر
دۆناڵد ترامپ بەربژێری کۆمارییەکان کە هەوڵی بەدەستهێنانی رەزامەندیی حزبی کۆماریی ئەمریکا دەدات بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی حزبەکە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی بەدەستهێنا و داوای لە کۆمارییەکان کرد یەک ریز بن و پاڵپشتیی بکەن.
دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و توانی دەنگی هەموو نوێنەرانی کۆمارییەکان لەو ویلایەتە کە 57 دەنگ بوو بەدەستبێنێ و تێد کرووزی رکابەری ناچاری کشانەوە بکات لە کێبرکێی بوون بە تاقە کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
دۆناڵد ترامپ کە ملیاردێرە و گوتەکانی زۆر جار دەبنە جێی مشتومڕ، دوای کشانەوەی تێد کرووزی رکابەری داوای لە کۆمارییەکانی وڵاتەکەی کرد یەکریز بن و پاڵپشتیی بکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەستبێنێ.
دۆناڵد ترامپ هاوکات ستایشی تێد کرووزی کردوو بە رکابەری سەرسەخت و زیرەکی ناوبرد.
سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی حزبی کۆماریی رینس بریباس لەبارەی دۆناڵد ترامپەوە گوتی: "ئەو کاندیدی پێشبینیکراوی حزبەکەیە".
دۆناڵد ترامپ هاوکات ئاماژەی کرد کە ئەرکی ئەو ئێستا "چۆنێتی شکستپێهێنانی هێلاری کلینتۆنە" کە رکابەریی بێرنی ساندەرزی بەربژێری دیموکراتەکان دەکات بۆ ئەوەی ببێتە تاکە کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە کاتێکدا ساندەرز لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی کۆمارییەکان لە ویلایەتی ئیندیانا بەسەر کلینتۆن سەرکەوت.
سەرچاوە: BBC، ئا: ئا ، ف