ھاوپەیمانان پەیامێك ئاراستەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكەن
"ترسی جیدی بۆ ئەو ھێزە نێودەوڵەتیانە ھەیە كە لە عێراق جێگیركراون"
K24 - ھەولێر
وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش، پەیامێکیان داوەتە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و بەتایبەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە پێویستە پێش ئەوەی دەست بكرێت بە ھەڵمەتی سەربازیی ئازادكردنی مووسڵ ناکۆکیەكان چارەسەر بکرێت.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئەمریکا، وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش، ترسی ئەوەیان ھەیە کە دوای ئازادكردنی مووسڵ حەیدەر عەبادی نەتوانێت لایەنە سیاسییەکان یەکبخات.
ھەرجەت ساجان وەزیری بەرگری کەنەدا لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "ناکۆکی سیاسی و تایفیی لە عێراق، نەك ھەر ترسە بۆ سەر عێراقییەکان، بەڵکو بۆتە ترسێکی جیدیش بۆ ئەو ھێزە نێودەوڵەتیانەی كە ئێستا لە عێراقدا بۆ لە ناوبردنی داعش جێگیر كراون، لە ناویاندا ھێزی تایبەتی راوێژکاری سەربازی کەنەدی کە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سەربازی عێراقی دەکەن".
ساجان ئەوەشی خستوەتەڕوو: "ئێمە لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و ھەوڵبدەن بارو دۆخەكە لە دەست دەرنەچێت".
ئەم پەیامە لە كاتێكدایە كاروباروی حكوومەت و پەرلەمان لە عێراقدا پەكخراوە و پێكھاتەكان ناتوانن لەگەڵ یەك كۆببنەوە.