رانیێری: حه‌زم به‌ یاریزانی ئه‌ستێره‌ و ناوی گه‌وره‌ نییه‌

پێیوایه‌ یاریزانی زۆر ناسراو كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كه‌ن

ڕاهێنه‌ری یانه‌ی لیسته‌ر سیتی كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ كه‌مترین تێچوو بووه‌ پاڵه‌وانی یه‌كێك له‌ به‌هێزترن خوله‌كانی جیهان، له‌ لێدوانێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ حه‌ز به‌ بوونی یاریزانی گه‌وره‌ و ناسراو ناكات و ده‌شڵێت: هه‌رگیز داوای كڕینی یاریزانی گه‌وره‌ و ئه‌ستێره‌م له‌ ئیداره‌ی یانه‌كه‌م نه‌كردووه‌.

كڵاودیۆ رانیێری، راهێنه‌ری ئیتاڵی لیسته‌ر سیتی له‌ لێدوانێكدا كه‌ له‌ ماڵپه‌ری Goalـی ئینگلیزیدا بڵاو كرایه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ بوونی یاریزانی به‌ناوبانگ په‌ستان له‌سه‌ر تیپ دروست ده‌كات.

رانیێری ته‌مه‌ن 62 ساڵ، پیشتر راهێنه‌ری چه‌ندان یانه‌ی گه‌وره‌ بووه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له‌ هیچ كامێك له‌و یانانه‌ی كاری له‌گه‌ڵ كردوون داوای گواستنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی زه‌به‌لاح و یاریزانی گه‌وره‌ی نه‌كردووه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ رانیێری زیاتر ده‌ڵێت: یاریزانی ناسرا و پشێوی و ئاڵۆزی بۆ ژووری جلگۆڕین دروست ده‌كه‌ن.

رانیێری پێشتر راهێنه‌ری چه‌ندان یانه‌ی ناسراوی جیهان بووه‌ له‌وانه‌ یوڤێنتۆس، ناپۆلی، رۆما، ئینته‌ر میلان، ڤالێنسیا، چێڵسی و مۆناكۆ، له‌ یه‌كه‌مین وه‌رزیشیدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی لیسته‌ر سیتی پێش كۆتایی هاتنی پرێمه‌ر لیگ به‌ دوو هه‌فته‌ نازناوی خوله‌كه‌ی بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ مێژوودا برده‌وه‌.