ئەمریكا ھێزی مارێنز رەوانەی بەغدا دەكات

لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا جێگیر دەكرێن

K24 - ھەولێر

دوای ئاڵۆزییەكانی عێراق ئەمریکا ھێزێکی تایبەتی مارێنز رەوانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەکات بۆ زیاتر پاراستنی باڵیۆزخانەکە لە ئەگەری ھەر ھێرشێك بۆ سەر باڵیۆزخانەکە و کارمەندام و دییپلۆماتکارانی ئەمریکی.

بە گوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، لە دوو رۆژی رابردوودا ھێزێکی تایبەتی مارێنزی ئەمریکی کە ژمارەیان 25 كەسە، رەوانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کراوە، بەمەبەستی پاراستنی باڵیۆزخانەکە لە ھەر ئەگەری ھێرشێك بۆ سەر باڵیوزخانەكە.

سی ئێن ئێن ئەوەشی ئاشکرا کردووە: "لەو كاتەی خۆپیشاندەرانی بەغدا ھەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کارمەندان و ھێزی تایبەتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ئامادەباشیدان بۆ ھەر ھێرشێك کە بکرێتە سەریان".

ئەمە لە كاتێكدایە 30ی نیسانی 2016، خۆپێشاندەران لە بەغدا ھەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمان و ئیھانە و سوكایەتیان بە ژمارەیەك پەرلەمانتار كرد، دوای ئەوەش ھەوڵیاندا ھێرش بكەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.