کۆمسیۆنی ئەوروپا: دروستکردنی شوورە قەیرانی کۆچبەران چارە ناکات

"قەیرانی کۆچبەران لە ئەوروپا لە قۆناغی وەرچەرخاندایە"

K24-هەولێر

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ژان کلوود جۆنکەر رایگەیاند قەیرانی کۆچبەران لە ئەوروپا لە سایەی رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ رێگەگرتن لە هاتنی کۆچبەران لە قۆناغی وەرچەرخاندایە و وا ئەنجامەکانی سەرکەوتنی رێککەوتنەکە دەردەکەون.

بەپێی رێککەوتنی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا کە مانگی رابردوو هەردوولا واژۆیان کرد، تورکیا رازی بوو هاوکاربێ لە پرسی رێگەگرتن لە گەیشتنی کۆچبەرانی نا یاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە بەرامبەر خێراکردنی دانووستانەکانی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا و پاڵپشتیکردنی تورکیا لە رووی داراییەوە لایەن ئەوروپاوە و رێگەدان بە هاوڵاتییانی تورکیا بۆ ئەوەی گەشت بۆ وڵاتانی رێککەوتنی شنگن بکەن بەبێ ڤیزە.

رێککەوتنی شنگن یان ناوچەی شنگن لە ساڵی 1985وە واژۆ کراوە و 26 وڵاتی ئەوروپا تێیدا بەشدارن و رێککەوتنەکە رێگە بە هاوڵاتییانی ئەو 26 وڵاتە دەدات بەبێ پاسپۆرت و جێبەجێکردنی رێنەماییەکانی گەشتکردنی نێودەوڵەتیی گەشت بۆ ئەو وڵاتانە بکەن.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ژان کلوود جۆنکەر بە دەزگای گرووپی فینک میدیای راشگەیاند: "ئەم رێککەوتنە کە مانگی رابردوو دەست بە جێبەجێکردنی کرا، وایکرد ئەوروپا بە راستیی بتوانێ چوونی کۆچبەران (بەرەو ئەوروپا) باشتر کۆنتڕۆڵ بکات و ئێمە لە قۆناغێکی وەرچەرخانداین".

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا گوتیشی: "رێککەوتنەکە لەگەڵ تورکیا وا کاریگەریی دەردەکەوێ و ژمارەی کۆچبەران زۆر پاشەکشێ دەکات". ئاماژەشی کرد: هێشتا پێویستە ژمارەی کۆچبەران زیاتر کەمببێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین کۆتاییهاتنی کێشەکە رابگەیەنین، بەڵام رێککەوتنەکە هەلێکی بەخشییە یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەوەی لە ئایندەی نزیک هەوڵی دابینکردنی سیستمێکی بەخشینی مافی پەنابەرێتی دادپەروەر و کارا بدات.

ئەمە لە کاتێکدایە وڵاتانی ئەوروپا لە ساڵی 2015 وە رووبەڕووی هاتنی بە لێشاوی کۆچبەران لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بوونەتەوە.

هەرچەندە رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا رێگەی کۆچکردنی لەنێوان تورکیا و یۆنان نالەبار کردووە، بەڵام چاودێران پێیانوایە کۆچبەران رێگەی دیکە دەدۆزنەوە بە رێگەی بولگاریا و ئەڵبانیا و تەنانەت بە رێگەی لیبیا بۆ ئیتالیا بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ژان کلوود جۆنکەر هاوکات رەخنەی لە بڕیاری دروستکردنی شوورەی لە سەر سنووری نێوان یۆنان و مەکدۆنیا گرت و گوتی: "هاوڕا نیم لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەڵێن ئەم شوورەیە و دروستکردنی شوورە لە ئەوروپا بە گشتیی لە ئایندەیەکی دووردا هاوکار دەبێ بۆ چارەکردنی قەیرانی کۆچبەران، شوورەکان دەکرێ رێگر بن لە جوڵەی کۆچبەران، بەڵام هیچ شوورەیەک نییە و هیچ شوورەیەک هێندە بەرز نییە بۆ ئەوەی رێگر بێ لە هاتنی ئەو کەسانە بۆ ئەوروپا لەو کاتەی کە ئەوان لە جەنگ و توندوتیژیی لە نیشتمانەکانیان هەڵدێن".

بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتی ئەڵمانیا تەنیا لە ساڵی 2015 زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.

ئا: ئا ، ف