ئهم پیاوهی به 4 مانگ راهێنهرایهتیكردن گهیشته فیناڵی چامپیۆنز لیگ
زیدان خاڵێكی لاوازی رافائێل بینیتێزی چارهسهر كرد
زیدان تەنیا بە ٤ مانگی راهێنەرایەتیکردنی گەیشتە فیناڵی چامپیۆنزلیگ و ئەو پیاوە ٤٣ ساڵانە خەریکە ئەو دەستکەوتانەی لە سەردەمی یاریزانبوونیدا بەدەستی دەهێنا، وەکو راهێنەریش دووبارەیان دەکاتەوە.
چوار مانگ لەمەوبەر بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ریال مەدرید لە مانگی یەنایەر رافایل بێنیتیزی لە راهێنەرایەتی یانەکەی دوورخستەوە و زینەدین زیدان شوێنی گرتەوە.
زیزۆ لە یەکەم هەنگاوی بۆ رێکخستنەوەی ژووری جلگۆڕینی مێرێنگی، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ یاریزانەکانی دروستکرد، کە ئەمە یەکێک بوو لە خاڵە لاوازەکانی بێنیتیز و ئەو راهێنەرە ئیسپانییە پێچەوانەی کارلۆ ئەنچیلۆتی پەیوەندییەکی پتوەی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یاریزانەکانی دیکەی نەبوو.
رۆناڵدۆ لە دوایین لێدواینی لەبارەی زیدانی راهێنەری دەڵێت، لەگەڵ زیزۆ زۆر دڵخۆشم، چونکە ئەو راهێنەرێکە حەز بە گوێگرتن دەکات و هەموو کارێکیش بە ئسانی وەردەگرێت، هەروەها کریس داوا لە کارگێڕانی یانەکەی دەکات زیدان بۆ چەند ساڵێکی دیکە لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، کە زیزۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی واژووکردەوە.
جگە لە رۆناڵدۆ، کلێبەر پیپی و گاریس بەیلیش ستایشی راهێنەرە کەچەڵەکەیان دەکەن و دوای گەیشتنیان بە فیناڵی چامپیۆنزلیگ، ئەو دوو یاریزانە زیزۆیان بە هۆکاری ئەنجامە باشەکانیان دانا.
زیدان گەرچی مووچەکەی لە دوو ملیۆن و نیو دۆلار زیاتر نییە، کەچی تەنیا بە ٤ مانگ یانەکەی گەیاندە فیناڵی چامپیۆنزلیگ و لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٦ یەکەم راهێنەری فەرەنسییە لە فیناڵی خولەکە یاریی بۆ بەرزکردنەوەی جامە گوێچکەدارەکە بکات، کەچی راهێنەرێکی وەکو ئارسن ڤینگەر لە ماوەی ٢٣٦ مانگی راهێنەرایەتیدا تەنیا جارێک گەیشتووەتە فیناڵ و ئەوجارەش لە ساڵی ٢٠٠٦ بەرامبەر بارسێلۆنا تووشی شکست بوو.
زیزۆ لە یەکەم وەرزی وەکو یاریزان لەگەڵ ریال مەدرید لە ساڵی ٢٠٠٢ بە گۆڵە بەناوبانگەکەی لە بەرامبەر بایر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی بووە پاڵەوانی ئەوروپا، دوو ساڵ لەمەوبەریش لە یەکەم وەرزی ئەرکی یاریدەدەری راهێنەرایەتیدا لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی بووە پاڵەوانی ئەوروپا و لە فیناڵ لە ئاتلێتیکۆ مەدریدیان بردەوە.
دوای تێپەڕبوونی ١٤ ساڵ زیزۆ نزیکە دووبارە جامە گوێچکەدارەکە ماچ بکاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان زیزۆ لەجیاتی گلاسکۆ لە میلانەوە هەوڵ بۆ پاڵەوانبوون دەدات و لەبری ئەوەی لەسەر لاکێشەی سەوز یاریی بکات، لەسەر هێلی یاریگەوە رێنمایی یاریزانەکانی دەکات.