ئەمریكا ناسنامەی ئەو سەربازەی ئاشكرا كرد كە لە عێراق گیانی لە دەستداوە

"چوارەم سەربازی ئەمریكییە لە عێراق گیان لە دەستدەدات"

K24 - ھەولێر

لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناسنامەی ئەو سەربازە ئەمریکیەی ئاشکرا کرد کە چەند رۆژێك لەمەوپێش لە رووداوێکی نادیاردا گیانی لەدەستداوە.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ئەو سەربازە ناوی دەیڤد باودەرسە، رۆژی ھەینی رابردوو لە بنکەی سەربازی ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای بەغدا، گیانی لە دەستداوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەم بەیاننامەیەدا ھۆكارو  وردەکاری سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ئەو سەربازە ئەمریکییەکە ئاشکرا نەکردووە.

ئەمە لە كاتێكدایە لە 3ی ئەم مانگەدا و لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ھێزی پێشمەرگە بۆ رزگاركردنی چەند ناوچەیەك لە سنووری تەلەسقۆف سەربازێكی ئەمریكی كوژرا، لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی داعش لە عێراقدا لە مانگی ئابی ساڵی 2014 وە تا ئێستا ئەمە چوارەم حاڵەتی گیان لە دەستدانی سەربازی ئەمریکییە لە عێراق.