ئێران مووشەکێکی دیكەی دوورھاوێژ تاقیدەكاتەوە

K24 - ھەولێر

بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران مووشەکێکی دوورھاوێژی تاقیکردووەتەوە.

عەلی عەبدوڵڵاهی، جیگری پشتیوانی و ئامادەکاری و لێکۆڵیەنەوەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە: "ئێران مووشەكێكی دوورھاوێژی تاقیكردەوە کە مەودای 2 هەزار کێلۆمتر دەبێت، لە كاتی تاقیكردنەوەی ئەم مووشەکە دوورهاوێژە لە پێکانی ئامانجەکەیدا تەنیا 8 مەتەر هەڵەی کردووە".

ئەم بەپرسە سەربازییەی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: "ئەم مووشەکە بە جۆرێك کۆنتڕۆڵ دەکرێت کە دەچێتە نێو بۆشایی ئاسمان و دەگەڕێتەوە و بێ ئەوەی لە پێكانی ئامانجەكەیدا ھەڵە بكات".

ساڵی رابردوو ئێران مووشەکی دوورھاوێژی عیمادەی تاقیکردەوە، دوای رێککەوتنی ناوەكی كێشەی سەرەکیی نێوان ئێران و ئەمریکا تاقیکردنەوەی مووشەکی دوورمەودایە لە لایەن ئێرانەوە.