توركیا ئۆپەراسیۆنی "ئەرەن2"ی دژ بە پەكەكە لە دیاربەكر دەستیپێكرد
ئۆپەراسیۆنەكە بەبەشداری 116 تیمە لە ھێزەكانی كۆماندوو و پۆلیس و جەندرمە و 2 ھەزار و 24 ئەندامی ئەمنییان لەخۆ دەگرێت.
K24 – ھەولێر:
وەزارەتی ناوخۆی توركیا رایگەیاند، دەستیكردووە بە ئۆپەراسیۆنی "ئەرەن2 لیجە" دژ بە چەكدارانی پارتی كرێكارانی توركیا "پەكەكە" لە ویلایەتی دیاربەكر، بەبەشداری دوو ھەزار و 24 ئەندامی ئەمنی.
وەزارەتهكه لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "ئۆپەراسیۆنەكە بەرداوامیدانە بە ئۆپەراسیۆنی "ئەرەن"، كە لەم دواییەدا لە چیای "تەندورك" لە ویلایەتی ئاگری دەستیپێكردبوو لە چوارچێوەی ھەوڵەكانیدا بۆ بنبڕكردنی رێخراوەكە لە رەگ و ریشاڵەوە"، بەپێی ئەوەی لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە.
گوتیشی: ئۆپەراسیۆنەكە بەبەشداری 116 تیمە لە ھێزەكانی كۆماندۆ و پۆلیس و جەندرمە و 2 ھەزار و 24 ئەندامی ئەمنیی لەخۆ دەگرێت.
وەزارەت جەختیكردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەكانی "ئەرەن" لە 11 ئەم مانگەوە، بە تین و گوڕەوە و بە پشتیوانی گەلی توركیا، تا لەناوبردنی دوایین تیرۆریست لە ناو وڵاتدا".
وەزارەتی ناوخۆی توركیا ئۆپەراسیۆنەكانی "ئەرەن"ی بە ناوی "ئەرەن بلبل" كردەوە، كە گەنجیك بووە، گوایە بەدەستی چەكدارانی پەكەكە كوژراوە لە ساڵی 2017.
سەرچاوە: "ئەنادۆڵ"