مەسرور بارزانی لەبارەی تەقینەوەکانی بەغدا: ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری

"به‌داخه‌وه‌ هه‌واڵی هێرشه تیرۆریستییه‌کانی به‌غدام بیست"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هاوخەمم لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی (بەغدا) لەم کاتە سەختەدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی ھەر ھاوکارییەک کە پێویست بێت".

لە تویتێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ رایگەیاند "به‌داخه‌وه‌ هه‌واڵی هێرشه تیرۆریستییه‌کانی به‌غدام بیست. هاوخەمم لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان لەم کاتە سەختەدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی ھەر ھاوکارییەک کە پێویست بێت".

دوای ماوەیەکی زۆر لە کەمبوونەوەی تەقینەوەکان لە عێراق، ئەمڕۆ دوو تەقینەوەی خوێناوی بەغدایان هەژاند و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس (28 کوژراو و 73 بریندار).

تەقینەوەکان بەدیاریکراوی لە بازاڕێکی نێوان گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانی تەیەران روویانداوە لەنێو کۆنەفرۆشان، ئەوانەی بوونەتە قوربانیش زۆربەیان خەڵکی هەژاری مەدەنین.

لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-1-2021) یەحیا رەسول، گوتەبێژی سەربازیی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاندبوو "بەیانیی ئەمڕۆ دوو هێرشی تیرۆرستی لە ناوچەی باب شەرقی لە بەغدا روویاندا. هێزە ئەمنییەکان بەدوای دوو خۆکوژەوە بوون، کاتێک هەردووکیان خۆیان تەقاندووەتەوە، بەهۆیانەوە ژمارەیەک خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار بوون".

لیوا کازم بورهان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی عێراق لە شوێنی تەقینەوەکان قسەی بۆ رۆژنامەوانان لەوانە تیمی کوردستان24 کرد و رایگەیاند" ئەمە لە تاوانەکانی داعشی تیرۆرستە... تائێستا 28 کوژراو هەن و 73 کەسیش بریندارن، ئەمەش دوایین ژمارەکانە و ئامارەکان لە نەخۆشخانە وەرگیراون".


ئەم هەواڵانەش ببینە:

دوو خۆکوژ لە بەغدا خۆیان تەقاندەوە و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس

بە وێنە و ڤیدیۆ.. دوو تەقینەوەی خوێناوی بەغدایان هەژاند

 

هـ.ر.