ئەوروپا مەرج لەسەر توركیا دادەنێت
پەرلەمانی ئەوروپا داوایكرد دەستبەجێ و بەبێ مەرج سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكرێت
K24 – ھەولێر:
ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی ئەوروپا جەختیكردەوە لەسەر گرنگی رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ لە توركیا بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا.
ئەندامی كۆمسیۆنی ئەوروپا، ھێلینا دالی جەختیكردەوە لەسەر گرنگی دۆسیەیە لە پێشخستنی پەیوەندییەكانی ئەوروپا و توركیا.
ھەر ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا داوایكردبوو دەستبەجێ و بەبێ مەرج سیاسەتوانی بەرھەڵستكار سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكرێت.
گوتیشی: لە ساڵی 2016وە زیندانی كراوە بۆ ئەوەی لە مافە سەرەكییەكانی بێبەش بكرێت.
ھەروەھا جەختیكردەوە لەوەی سەرۆكی پێشووی پارتی گەلانی دیموكراتیك (ھەدەپە) كە لە زیندارنی "ئهدهرنه"ی توركیا گیراوە خراپ مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
ئەم ھەڵوێستە توندە پەرلەمانی ئەوروپا ھاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی گفتوگۆكانی رێكخەری سیاسەتی دەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا، جۆزێپ بۆرێل لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاویش ئۆغلو ئەمڕۆ لە برۆكسل.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا، بۆرێل ئاماژەیكرد بەوەی دۆخەكانی مافی مرۆڤی لە توركیا لەگەڵ وەزیری توركیا باسكردووە.
لە لای خۆیەوە چاویش ئۆغلو گوتی: لەسەر توركیا و یەكێتیی ئەوروپا پێوستە ھەنگاوی بەرجەستە بگرنەبەر لە پێناو پاراستنی كەشی ئەرێنی لە نێوانیاندا.
كۆبوونەوەكانی ئەوروپا و توركیا
یەكێتی ئەوروپا لە ھەردوو رۆژی پێنجشەممە و ھەینی زنجیرە كۆبوونەوەیەكی ئەوروپایی و توركیای لەخۆ دەگرێت سەبارەت بە تەنگژەی پەیوەندییەكانی ھەردوو لا.
چاوەڕی دەكرێت، سبەی چاویش ئۆغلو چاوی بەسەرۆكی ئەنجوومەنی ئەوروپا، شارل میشیل بكەوێت.
مەزندە دەكرێت، گفتوگۆكان پەیوەندییەكانی ھەردوو لا بگرێتە خۆی، ئەم جگە لە تێوگلانی ئەنقەرە لە چەندین تەنگژەی ناوچەیی، بە تایبەتی رەوشی رۆژھەڵاتی ئەوروپا.
ئەم گفتوگۆیانە ھاوكاتن لەگەڵ مشتومڕەكانی پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە داڕمانی دۆخی مافەكانی مرۆڤ و پێشێلكردنی مافی بەرپرسانی پارتی گەلانی دیموكراتیك، لە سەروویانەوە دەمیرتاش.