جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: ھەڵبژاردنەكان لە عێراق نەبوونەتە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵك

عێراق پێچەوانەی ده‌ستوور پشت بە نه‌ژادپەرستی و تایفەگەری دەبەستێت

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری یەكەمی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری یەكەمی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

K24 – ھەولێر:

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری یەكەمی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستنیشانكردنی كاتی نوێی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ ھەینی،  رەخنەی لە زوو دەستپێكردنی ململانێی نێوان پارتەكان و لایەنە سیاسییەكانی عێراقی گرت.

شێخ مستەفا لە چەند تویتێكدا، لەسەر تویتەر گوتی: "عێراق لە رووی سیاسییەوە لە رەوشێكی ناسەقامگیردا دەژیت، ئێستا ھەڵبژاردن بووەتە یەكێك لە بابەتە گەرمەكان و ناوەندە سیاسییەكانی سەرقاڵ كردووە".

گوتیشی: "بەپێی ده‌ستوور، عێراق دەوڵەتێكە لەسەر بنەماكانی ھاووڵاتیبوون، دیموكراتییەت، ئیتحادییەت و فرە حزبی دامەزراوە، بەڵام ئەوەی ھەیە پێچەوانەی ھەموو ئەوانەیە، بە پشتبەستن بە نه‌ژادپەرستی و تایفەگەری لە عێراقدا كار ده‌كرێت و ئەم سیاسەتە دۆخێكی ناسەقامگیری درووستكردووە.

شێخ مستەفا لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: پرۆسەی ھەڵبژارادنەكان لە گشت وڵاتانی جیھان دەرئەنجامی دیموكراتییەت و ئازادییە و ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەكان پشت بە بنەمای پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان دەبەستێت، بەڵام پرۆسەی ھەڵبژاردن لە عێراق ھۆكارێك نەبووە بۆ خۆشگوزەرانی گەل.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە كۆی دەنگ لە دانیشتنەكەی خۆیدا لە رۆژێ سێشەممە، 19ی كانوونی دووەم 10/10/2021 دەستنیشانكرد بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، لە جیاتی 6/6/2021.

سەرچاوە: شەفەق نیوز