كریستیانۆ له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان ڕێككه‌وتووه
یانه‌ی پاریس سانجێرمانی فره‌نسا له ئێستاوه خۆی بۆ بازاڕی گواستنه‌وه‌ی هاوینه ده‌ست پێكردووه، گه‌وره‌ترین هه‌وڵه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌یش بۆ گواستنه‌وه‌ی نێیماری برازیلی و كریستیانۆی پورتوگالییه، به‌پێی وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی كریستیانۆش بێت، یاریزانه پورتوگالییه‌كه له چوونی بۆ پاریس سانجێرمان نزیك بۆته‌وه.
خۆرخی مێندیز، به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ به رۆژنامه‌ی ASـی ئیسپانیا راگه‌یاندووه و كه گفتووگۆ و قسه‌كردن له نێوان پاریس سانجێرمان و كریستیانۆ ده‌ستی پێكردووه، كریستیانۆیش به‌ڵێنی پێداون هه‌ر كاتێك له یانه‌ی ریال مه‌درید بڕوات ڕوو بكاته پاریس سانجێرمان.
به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه، ئیداره‌ی یانه پاریسییه‌كه ویستوویانه له‌م هاوینه‌دا گرێبه‌ستی كریستیانۆ به نرخێكی گرانبه‌ها ته‌واو بكه‌ن، به‌ڵام سه‌رمایه‌داره‌كانی یانه پاریسییه‌كه به‌م قسانه‌ی كریس تاڕاده‌یه‌ك بێهیوا بوون، هه‌رچه‌ند هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتوون ئه‌گه‌ر كریس ماڵئاوایی له شاهانه بكات به‌ره‌و پاریس كۆچ ده‌كات.
یانه‌ی ریال مه‌درید له ترسی هه‌وڵه‌كانی پاریس سانجێرمان، گرێبه‌ستی كریستیانۆیان تا ساڵی 2021 دریژ كردۆته‌وه و نرخ و مووچه و گرێبه‌سته‌كه‌شیان به‌رز كردۆته‌وه، به‌ڵام ئیداره‌ی یانه‌ی شاهانه ئه‌م بابه‌ته‌یان به نهێنی هێشتۆته‌وه.