باوكی دوو له قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌غدا داوا له سه‌رۆك بارزانی ده‌كات به‌هانایانه‌وه بچێت

K24- هه‌ولێر:
ته‌قینه‌وه‌كانی دوێنێی به‌غدا، چه‌ندین چیرۆكى تراژیدی و كاره‌ساتباریان لێكه‌وته‌وه. عه‌لی و عومه‌ر دوو برا بوون، له ته‌قینه‌وه‌كاندا بوونه قوربانی، هه‌ردووكیان له گۆڕه‌پانی ته‌قینه‌وه‌كان كاسبكار بوون. ناڵه و هاوارى باوكه جه‌رگ سووتاوه‌كه‌شیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌نگدانه‌وه‌ى زۆرى به دواى خۆیدا هێناوة و توڕه‌یی زۆری لێكه‌وته‌وه، عه‌لی و عومه‌ر هه‌ردووكیان خێزانداربوون، و خاوه‌نی دوو منداڵ بوون. باوكیان گله‌یی له هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌كات كه له پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریدا كه‌مته‌رخه‌من. سه‌رۆك هۆزه‌كه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له حكومه‌ت ده‌كات.
لوئه‌ی نعێمی، باوكی دوو برا قوربانییه‌كه‌یه و ده‌ڵێت: "عومه‌ر له‌دایكبووی ساڵی 1997 بوو ماوه‌ى چوار مانگ بوو ژنم بۆ هێنا بوو، خوداى گه‌وره مژده‌ى مندالێكى پێدابوو، ئه‌ویش دڵى زۆر خۆش‌بوو، خۆشیه‌كه‌شی به‌رده‌وام نه‌بوو، عه‌لى له‌دایكبووی ساڵی 2001 بوو، ماوه‌ى ساڵێك بوو ژنم بۆ ئه‌ویش هێنا بوو، كچێكى هه‌یه ناوى مه‌وجه‌یه، كه‌سابه‌تیان ده‌كرد و نانى حه‌ڵایان په‌یدا ده‌كرد، ئه‌م خۆكوژه هات و پێیاندا ته‌قیه‌وه، كوره‌كانم له ده‌ستدا".
باوكی عه‌لی و عومه‌رى جوانه مه‌رگ به حاڵێكى شێواوه‌وه په‌یامێك ئاراسته‌ى سه‌رۆك بارزانى ده‌كات، داواى لێ ده‌كات وه‌ك برا گه‌وره‌یه‌ك به هانای خه‌ڵكى به‌غداوه بچێت و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و به‌رپرسانى ئه‌منى قسه بكات، بۆ ئه‌وه‌ى رێوشوێنه ئه‌منییه‌كان توندتر بكرێن، تاكو چیتر هاوشێوه‌ى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى باب ئه‌لشه‌رجى به‌غدا دووباره نه‌بێته‌وه.
له پوخته‌ی په‌یامه‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆك بارزانی ده‌لێت: "من ده‌زانم ده‌مرم له دوایان و ئینشائه‌ڵڵا ده‌مرم به‌خودا ده‌مرم، خۆزگه ئه‌ته‌قینه‌وانه بۆ من بوونایه نه‌ك كوڕه‌كانم، كاك مه‌سعود من له بیر نه‌كه‌ى، بۆخاترى خوداى گه‌وره و په‌یابه‌ره‌كه‌ى من له بیر نه‌كه‌ى، قسه له‌گه‌ڵ كازمى بكه، قسه له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زیری ناوخۆ و به‌رگرى بكه، قسه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى پۆلیسی فیدراڵى بكه و پێیان بڵێ: ئێوه له‌كوێ بوون بۆ ئه‌وه‌نده كه‌مته‌رخه‌م بوون".
له نێو ته‌قینه‌وه‌كانى باب ئه‌لشه‌رجى و گۆڕه‌پانى ته‌یه‌ران 32 كه‌س گیانیان له ده‌ستدا و 110 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون، سه‌ید ئوسامه سه‌رۆكى هۆزى نعێم ده‌ڵێت: به عه‌لى و عومه‌ره‌وه 5 گه‌نجمان بوونه‌ته قوربانى، خوێنى قوربانیانى ئه‌و روداوه‌ش له ئه‌ستۆى حكومه‌ته، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت سوڵحمان له‌گه‌ڵ نه‌كات، ئێمه وه‌ك هۆزى نعێم له به‌رپرسانى حكومه‌ت خۆش نابین و به‌رێگایه‌كى دیكه تۆڵه‌ى خۆمان ده‌كه‌ینه‌وه.
داعش به‌رپرسیارێتى خۆى له هه‌ردوو ته‌قینه‌وه خۆژویه‌كه‌ى به‌غدا راگه‌یاند: له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له ناكاویشدا مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق 5 به‌رپرسی ئه‌منىی كه‌مته‌رخه‌مى له پۆسته‌كانیان دوورخستنه‌وه، شاره‌زایانى ئه‌منیش هۆشدارى ده‌ده‌نه به‌رپرسانى حكومى و ئه‌منى، له تێكچوونى دۆخى ئه‌منى و گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌كان، كه له سێ ساڵى رابردوودا كه‌میان كردبوو.
H.B