مام سابیر لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە: لە خەفەتی عەرەبە هاوردەکان نەخۆش کەوتووم

سەرۆکی حکومەت ئەرکی چارەسەرکردنی گرتووەتە ئەستۆی خۆی

مام سابیر لە سەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە، وێنە: رێناس عەلی، کوردستان24
مام سابیر لە سەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە، وێنە: رێناس عەلی، کوردستان24

K24 - هەولێر

ئەو پیاوە بەتەمەنەی گوندی پەلکانە، کە بە رۆحێکی گەنجانە بەرگریی لە شوێنی لەدایکبوونی دەکرد لە دژی ئەو عەرەبە هاوردانەی ناوە ناوە بە پاڵپشتیی ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک دەیانەوێت دەست بەسەر گوندەکەیاندا بگرن، نەخۆشکەوتووە، سەرۆکی حکومەت ئەرکی تەواوی چارەسەرییەکانی لە ئەستۆی خۆی گرتووە و، مام سابیریش لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە بە حەماسەوە چاوەڕێیە چاکبێتەوە بۆ ئەوەی ئامادەبێتەوە بۆ بەرگریکردن.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 25-1-2021) وەکو نوێنەری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی مام سابیری کرد لە نەخۆشخانەی دڵ لە هەولێر. د سامان بە مام سابیر و بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکەی گوتووە لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکومەت، هەرچی پێویست بێت بۆی دەکرێت.

هاوار و گریانی مام سابیر، لەکاتی ئەو شەڕانەی لە گوندی پەلکانە روویاندەدا، لە میدیاکاندا دەنگیدایەوە، لەکاتێکدا کوردستان24 رووماڵی رەوشی گوندی پەلکانەی دەکرد.

دکتۆر سامان بەرزنجی ئەمڕۆ (دووشەممە، 25-1-2021) وەکو نوێنەری سەرۆکی حکومەت سەردانی مام سابیری کرد لە نەخۆشخانەی دڵ لە هەولێر
دکتۆر سامان بەرزنجی ئەمڕۆ (دووشەممە، 25-1-2021) وەکو نوێنەری سەرۆکی حکومەت سەردانی مام سابیری کرد لە نەخۆشخانەی دڵ لە هەولێر

مام سابیر، لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە، بە هەمان حەماسەتەوە قسەی بۆ کوردستان24 کرد و سەبارەت بە یارمەتیی سەرۆکی حکومەت گوتی "سوپاسی دەکەم، زۆر لێی مەمنوونم هەتا مردن".

هەروەها گوتی "تەنیا دەمەوێت چاکم بکەنەوە، هیچی دیکەم ناوێت. دەمەوێت بگەڕێمەوە پەلکانە". سەبارەت بە هۆکاری تێکچوونی دۆخی تەندروستیشی بە پەیامنێری کوردستان24 دەڵێ "لە خەفەتی ئەو عەرەبە (هاوردانە)، هێندە لەو لا دیوارانەی (پەلکانە) دانیشتم. برایەکەم هەر دەیگوت وەرەوە، دەمری. دەمگوت لێمگەڕێ با بمرم لە پەنا دیوار و سەگ بمخوات باشترە، لەو حاڵەی عەرەبی هاوردە راکەنە پەلکانە".

دکتۆر باوەڕ حوسێن، پزیشکێکی نەخۆشخانەی دڵ سەبارەت بە رەوشی تەندروستیی مام سابیر دەڵێ "تووشی جەڵتەی دڵ بووە و سێ بۆ چوار رۆژە لێرە لەژێر چادێرییە. دەبێت سەرەتا رەوشی تەندروستیی جێگیر بێت، هەندێک ئەنزیماتی دڵی بەرزە و کێشەی گورچیلەی هەیە، دەبێت ئەوانە هەموویان چارەسەر بکرێن، ئەوکاتە نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت... لەسەر راسپاردەی جەنابی کاک مەسروور هەرچی پێویست بێت بۆی دەکرێت و کەمتەرخەمی ناکرێت".

لە کۆی 42 گوندی سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک کە پەڵکانە یەکێکیانە، 40 گوندیان مەترسیی تەعریبیان لەسەرە، هەرکاتێک عەرەبە هاوردەکان بیانەوێت پیلانی تەعریبکردنەوەی گوندێک جێبەجێ بکەن، پشت بە پشتگیرییەکانی ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک دەبەستن، بەڵام خاڵێکی بەهێزی گوندنشینانی ئەو گوندانە ئەوەیە: پاڵپشتی یەکتر دەکەن و دەچن بۆ ئەوەی بەیەکەوە رێگرییان لێبکەن.

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment