یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی (کوردی مۆسکۆ) بەڕێوەدەچێت

گولیزار کەرەم: لە ئێستاوە سەرقاڵی هەڵبژاردنی ئەو فیلمانە دەبین کە بەشداریان پێدەکرێت

گولیزار کەرەم گەردەن زەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ
گولیزار کەرەم گەردەن زەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ

K24 - مۆسكۆ

ئۆلگا لوبیمەڤای وەزیری کولتوری رووسیای فیدراڵ، رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەڕێوەچوونی یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ، کەوا بڕیارە لە رۆژانی  21 تا  25 ی تەمموزی 2021 لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەڕێوەبچێت.

لەبارەی فێستیڤاڵەکە، گولیزار کەرەم گەردەن زەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە ئێستاوە تا سەرەتای مانگی نیسان، سەرقاڵی هەڵبژاردنی ئەو فیلمانە دەبین کە بەشداریان پێدەکرێت لە یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ".

گوتیشی: "بەنیازبووین لە مانگی گوڵانی رابردوو ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوەببەین، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا بەڕێوەنەچوو، ئێستا جارێکی تر رەزامەندی وەزیری کولتوری رووسیا وەرگیراوەتەوە بۆ رێکخستنی فێستیڤاڵەکە لە کۆتایی مانگی تەمموزی 2021".

لەم فەرمانەی وەزیری کورلتوری رووسیا، رەزامەندی لەسەر بەڕێوەچوونی 163  فێستیڤاڵی فیلم دراون کە لە ساڵی 2021  لە رووسیای فیدراڵ بەڕێوەبچن، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ لەریزبەندی 134 مین دایە.