كەمال كلیچدار ئۆغلو: ئەو دەسەڵاتەی ئێستای وڵات لەناو دەبەین
لە میانی ساڵی 2020 ، بەلای كەمەوە 99 ھەزار و 588 بازرگان پرۆژەكانیان داخستووە، واتە رۆژانە 273 بازرگان ئیفلاس دەبن
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی بەرھەڵستكار له توركیا، كەمال كلیچدار ئۆغلو رایگەیاند، سەرۆكی توركیا "دوورەپەرێزە لە گهل و ھیچ شتێك لەبارەی خەمەكانی گەل نازانێت". دەسەڵاتی ئێستای بە "فیرعهونی" وەسفركرد و بەڵێنی دا كۆتایی پێبێنن.
كلیچدار ئۆغلو، سەرسوڕمانی خۆی دهربڕی لەمەڕ لێداوانەكانی سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، كە گوتبووی ھیچ بازرگانێك نییە پرۆژەكانی لە توركیا كۆتایی پێبێنێت یان دایبخات و پرسی "ئەردۆغان چۆن توركیا بەڕێوە دەبات؟" بەپێی ئەوەی رۆژنامەی "زەمان"ی توركی گواستوویەتیەوە.
سەركردەی بەرھەڵستكار روونیكردەوە، "ئەردۆغان ئەم لێدوانانە دەدات، چونكە لە ناو كۆشكەكەیەوە تەماشای خەڵك دەكات، بۆ ئەو ھەموو شتێك كراوەیە، ئاودەستی زێڕی ھەیە، ھەموو شتێكی جوانی ھەیە".
كلیچدار ئۆغلو بەردەوام بوو و گوتی: "بەپێی ئەو داتا فەرمییانەی راگەیاندن چاودێریی بازرگانان و پیشەوەرانی كردووە، لە میانی ساڵی 2020، بەلای كەمەوە 99 ھەزار و 588 بازرگان پرۆژەكانیان داخستووە، واتە رۆژانە 273 بازرگان ئیفلاس دەبن. ئای چۆن ئەردۆغان گوتی: ھیچ پڕۆژەیەكی داخراو لە توركیا نییە؟!، مرۆڤێكی وەك ئەو ناتوانێت دەوڵەت بەڕێوەبەرێت، ئەو مرۆڤەی خەمەكانی گەلەكەی نازانێت، ناتوانێت توركیاش بەڕێوەببات".
كلیچدار ئۆغلو پرسیی: "ئەرێ ئەردۆغان ئەم ھەموو شتە دەزانێت؟" دوای ھەر خۆی وەڵامی دایەوە و گوتی: "ھیچ ئاگادار نییە".
سەرچاوە: "زەمان"