هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتییانی دهۆک: نەچنە ناوچە شاخاوییەکان
بەڕێوەبەری چاککردنەوەی رێگەوبانی دهۆک: درێژیی رێگای چیای گارە، 16 کیلۆمترە و پێویستیی بە کاتێکی زۆرە بۆ ئەوەی لە بەفر خاوێن بکرێتەوە
K24 - هەولێر
لە پێنجشەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین سنووری پارێزگای دهۆکی گرتووەتەوە بەتایبەتی ناوچە چییاییەکانی، بەڕێوەبەری چاککردنەوەی رێگەوبانی پارێزگاکەش هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لەکاتی بەفربارین روونەکەنە ناوچە شاخاوییەکان.
لە دەڤەری کانی ماسی بۆ سەرزێری زۆرترین بەفر باریوە، لەو شەپۆلە نوێیەی بەفربارین، لە کانی ماسی 25 تاوەکو 30 سانتیمەتر و لە سەروازەی سەرزێریش 40 بۆ 70 سانتیمەتر بەفر باریوە.
نەشوان یەحیا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی دهۆک، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند "تیمەکانمان بەردەوام لە کارن و ئەو رێگایانەی خەڵک بەکاریاندەهێنن، بەتایبەتی لە دەڤەری کانی ماسی، هەموویان کراونەتەوە، ئێستاش بەڕێگاوەن بەرەو سەرزێری".
دوێنێ، رۆژی هەیینی بوو، بۆیە خەڵکێکی زۆر روویانکردبووە چیای گارە و بەشێکیشیان گیریان خوارد و شەو رزگارکران.
نەشوان یەحیا دەڵێ، کاتژمێر 02:30ـی دوای نیوەڕۆ، "لەلایەن قایمقامی ئامێدییەوە ئاگادارکرامەوە، کە هەندێک کەس لەوێ (چیای گارە) گیریان خواردووە و دەمودەست، تیمێکی ئێمە چوون".
بەڕێوەبەری چاککردنەوەی رێگەوبانی دهۆک دەڵێ "مخابن ئەوە چەندین جارە ئاماژەمان بەوە کردووە، لە کاتی بەفرباریندا، خەڵک نەچنە دەڤەرە چیاییەکان بەتایبەتی چیای گارە، چونکە درێژیی رێگاکەی 16 کیلۆمترە و پێویستیی بە کاتێکی زۆرە بۆ ئەوەی لە بەفر خاوێن بکرێتەوە".