پێشنیازی وەزارەتی پەروەردە بۆ رۆژی دەستپێكردنەوەی خوێندن ئاشكرا كرا

وەزیری پەروەردە: لە یەك مانگی كردنەوەی قوتابخانەكان زیاتر لە 4 ھەزار مامۆستا و 5 ھەزار قوتابی تووشی كۆرۆنا بوون

قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان - ئەرشیف
قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئه‌وان وه‌كو وه‌زاره‌ت پێشنیازیان كردووه‌ زووتر له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆی ده‌رگای قوتابخانه‌كان بكرێنه‌وه‌، ئەگەر دۆخی تەندروستی گونجاوبێت پێشنیازیان كردووە لە 6ی شوبات خوێندن لەناو پۆلەكان دەست پێبكاتەوە.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پێشنیازی ئەوەمان كردووە، ئەگەر ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا وەك ئێستا بێت، وادەی كردنەوەی قوتابخانەكان پێشبخرێت، لە كۆبوونەوەی 2/2/2021 كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكرێت، ئەوكات بڕیار لەسەر كاتی دەستپێكردنەوەی خوێندن لەناو پۆلەكان دەدەین".

گوتیشی: "ئێمە بەرپرسیاریەتیمان لەسەر شانە و موجازەفە بە ژیانی مامۆستا و خوێندكاران و قوتابیانەوە ناكەین، لە ماوەی یەك مانگ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان زیاتر لە 4 ھەزار مامۆستا و 5 ھەزار قوتابی تووشی كۆرۆنا بوون، لەبەر ئەوە بڕیاری لەو شێوەیە بە خۆپەرستی و لەسەر میدیاكان نادرێت، بەڵكو بە بەرووریساریەتی دەبێت، حكومەت بەرپرسیاریەتی لەسەر شانە".

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند: "ھەردوو وەرزی خوێندن تەواو دەكرێت بەشێوەیەك كە كاریگەری لەسەر كوالیتی خوێندن نەبێت".

ئاشكراشی كرد: "لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا پێشنیاز دەكەین 6/2/2020 خوێندن لەناو پۆلەكان دەست پێبكاتەوە، ئەگەر دۆخەكە گونجاوبێت لە رووی تەندروستییەوە".

بە بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا 16/1/2021 خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی لەناو پۆلەكان دەستیپێكردەوە، بڕیاریش درا لە 1/3/2021 خوێندنی قۆناغەكانی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی لەناو پۆلەكان دەست پێبكاتەوە، بەڵام بەھۆی كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا پێشنیازكراوە ئەو وادەیە پێشبخرێت.