ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەبێتە دیاردەیەکی مەترسیدار

ئێران و عێراق سەرچاوەی هاوردەکردنی ماددەی هۆشبەرن بۆ کوردستان

ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ بازه‌گه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ بازه‌گه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

ھاوردەكردنی ماددەی ھۆشبەر بۆ ھەرێمی كوردستان، بووەتە دیاردەیەكی مەترسیدار، بە گوتەی ئەندامێكی لیژنەی ناوەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، سەرچاوەی ھاوردەكردنی ماددەی ھۆشبەر بۆ ھەرێمی كوردستان، بە پلەیەك ئێران و عێراقن، لە ماوەی رابردووشدا بەردەوام لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە دەست بەسەر ماددە و تۆمەتبارانی بازرگانیكردن و بەكارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەردا گیراوە و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

لە نێوان (4) وڵاتی کڕیار و بەکارھێنەری مادەی ھۆشبەردا، ھەرێمی کوردستان بەھێزترین یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکانی دەرکردووە، توندترین سزاشی بۆ ئەو کەسانەی بازرگانی پێوە دەکەن، داناوە، ئەمە جگە لەوەی رۆژانە دەست بەسەر ماددە و کەرەستەی ماددە ھۆشبەرەکاندا دەگیرێت، کە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لایەنە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان، بە ھەموو توانایانەوە ھەوڵی دەدەن، رێگری لەوە بكه‌ن، كه‌ گەنجی کورد بخرێتە ژێر بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، كه‌ بەشێك لە وڵاتان دراوسێ سەرچاوەی ئەم ماددە ھۆشبەرانەن.

لیژنەی تەندرووستی لە پەرلەمانی كوردستان، پێیوایە لە ناردنی ماددەی ھۆشبەر بۆ ناو ھەرێمی كوردستان، ئێران بە پلەی یەكەم و عێراق بە پلەی دووەم دێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان، حەبی ھۆشبەر و ماددەی مەترسیدار لە بازگەكاندا دەستی بەسەر دادەگیرێت.

بەشی زۆری ئەو مادە ھۆشبەرانەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان ھاوردە دەکرێت، لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دێن، لەگەڵ ئەوەی بەشی زۆری لە بازگەکان دەستی بەسەردا دەگیرێت، لە عێراقەوە جارێکی دیكە بۆ ھەرێمی کوردستان ھەوڵی داخڵکردنی دەدرێت، بەڵام لایەنە پەیوەنیدارەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەست بەسەر ماددە ھۆشبەرەكان و ھەموو ئەو ماددە مەترسیدارانەدا دەگرن، كە دەبنە ھۆی پەكخستنی كۆمەڵگە و بەلاڕێدابردنی تاكەكان، تاوانبارانیش رووبەڕووی یاسا دەكەنەوە.

د.ی