بەھۆی بەفربارین رێگەی دەیان گوندی رۆژھەڵاتی كوردستان گیراون

سەدان ئۆتۆمبێل لە شەقامەكانی پارێزگای ورمێ گیریان خواردووە

بەفر لە رۆژهەڵاتی کوردستان
بەفر لە رۆژهەڵاتی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەمساڵ لە زۆربەی ناوچەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بڕێکی زۆر بەفر باریوە، ئەوەش ئەگەرچی بەشێكی ھاووڵاتییانی دڵخۆش كردووە، بەڵام ھەندێك كێشەشی دروستكردووە: رێگەی دەیان گوند داخراوە و ژمارەیەك ھاووڵاتی لە رێگەكانی پارێزگای سنە و ورمێ گیریان خواردووە، ئەوان دەڵێن لایەنە پەیوەندیدارەكان وەكو پێویست رێگەكان خاوێن ناكەنەوە.

لە رۆژێكی سارددا، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی رۆژهەڵاتی کوردستان كەشێكی گەرمیان بۆخۆیان دروستكردووە بە یاریکردن لەنێو بەفر. بەفربارینی زۆر لە رۆژھەڵاتی كوردستان، ھاووڵاتییانی بە رادەیەك دڵخۆشكردووە: ھەندێكجار دەیان كیلۆمەتر دەبڕن بۆ ئەوەی لە بەرزاییەكاندا رۆژێكی خۆش بەسەر ببەن.

بەڵام بەفڕی ئەمساڵ رووییەكی دیكەشی ھەیە؛ سەدان ئۆتۆمبێل لە شەقامەكانی پارێزگای ورمێ گیریان خواردووە، رێگەوبانی ئەو ناوچانە خراپن و بەرگەی ئەو بەفرە زۆرە ناگرن، بۆیە لە چەند كاتژمێری رابردوودا، زۆر كەس لەو رێگەیانەدا ماونەتەوە، ئەوە جگە لەوەی لە پارێزگاكانی ورمێ و سنە، رێگەی زیاتر لە 100 گوند گیراوە.

لەگەڵ بەفربارین، رێگەوبانەكانی شنۆ، تەرگەوەر و مەرگەوەر، بەری مێرگان و گاگەشی پارێزگای ورمێ و رێگەكانی ژالانە و ھەورامان، بەگشتی پارێزگای سنە تووشی گرفتی زۆر دەبن، ھۆكاری سەرەكیش ئەوەیە: رێگەكان یەك سایدن و درەنگیش خاوێن دەكرێنەوە، ئەوەش زۆرجار لە دڵخۆشی ھاووڵاتییان بەو بەفرە كەم دەكاتەوە.

هـ.ر.