تورکیا بێ ئومێد بووە ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا

K24 - ھەولێر

وەزیری كاروباری ئەورووپا لە حكوومەتی توركیا رایگەیاند، ئەنقەرە ئومێدی نەماوە ببێتە ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا.

ڤولکان بۆزکیر وەزیری بۆ کاروباری ئەورووپا لە حكوومەتی توركیا بە کەناڵی بی بی سی راگەیاندووە: "ئەنقەرە ئەوەندە ئومێدی نەماوە، وڵاتانی ئەورووپا قایل بن بەوەی مەرجی وەرگرتنی ڤیزای شنگن لەسەر ھاوڵاتیانی تورکیا ھەڵبگرن و  توركیا ببێتە ئەندام لەو یەکێتییەدا، ئەمەش وەك بەشێک لە رێککەوتنامەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران لە ئەوروپا".

بۆزکیر ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: "تورکیا گۆڕانکاری لە یاسای دژە تیرۆردا ناکات،  ئەمەش یەکێکە لە داواکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا".

یەکێتی ئەوروپا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت تورکیا پێناسەکردنی تیرۆریزم لە وڵاتەکەیدا روونتر بکاتەوە و رەچاوی چوار مەرجی دیکەش بکات، بۆ ئەوەی، ھاوڵاتیانی تورکیا  بتوانن بێ  ڤیزا سەردانی ئەوروپا بکەن.