ئەمریکا: داعش هێشتا سەرچاوەی هەڕەشەیە بۆ عێراقییەکان

K24-هەولێر

باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند تەقینەوە "خوێناوییەکانی" دوێنێ، کە چەند ناوچەیەکی بەغدایان کردە ئامانج بەڵگەن کە داعش هێشتا سەرچاوەی هەڕەشەیە بۆ عێراقییەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ و دوێنێ چەند تەقینەوە ناوچەکانی ئەبوغرێب و سەدر و کازمییە و شەقامی رەبیعیان لە بەغدا کردە ئامانج و بە دەیان کوژراو و برینداریان لێکەوتەوە، هاوکات رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی دوێنێی بەغدا راگەیاند.

باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "بە توندترین شێوە هێرشە تیرۆریستییە دڕندەکانی دوێنێ لە عێراق سەرکۆنە دەکەین، کە بوونە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە".

باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گوتیشی: "ئەم شەپۆلە هێرشەی ئەم دواییەی داعش بریمان دێنێتەوە کە رێکخراوەکە هێشتا سەرچاوەی هەڕەشەیە بۆ هەموو عێراقییەکان، بۆیە پێویستە سەرکردەکانی عێراق لە هەموو لایەنەکان پێکەوە کار بکەن بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان بە خێرا لەپێناو بەردەوامبوونی ئەو پێشڕەوییەی لە دژی داعش بەدیهاتووە".

هاوکات هێزەکانی حەشدی هۆزەکانی سوننە لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق رایگەیاند هێزە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە شکستیان بە هێرشێکی داعش هێنا بۆ سەر ناوچەیەکی باکووری شاری رومادی، کە خۆکوژەکانی داعش بە سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو ئەنجامیان دا.

ئا: ئا ، ف