راوێژكاری ترەمپ: سەرۆكی پێشوو رەتیدەكاتەوە گەواھی خۆی بدات لە دادگاییكردنی پەرلەمانی "نادەستووری"دا
میلەر بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی گوت: "سەرۆك گەواھی لە دادگایەكی نادەستووریدا نادات"
K24 – ھەولێر:
جەیسون میلەر، راوێژكاری سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ترەمپ گەواھی خۆی نادات لە چوارچێوەی دادگاییكردنیدا لە ھەفتەی داھاتوودا لە بەردەم ئەنجوومەنی پیراندا.
میلەر بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی گوت: "سەرۆك گەواھی لە دادگایەكی نادەستووریدا نادات".
ئەم لێدوانانەی راوێژكار دوای ئەوە ھات، تیمی سكاڵاكاری دیموكراتەكان داوایان لە ترەمپ كرد گەواھی خۆی "لە ژێر سوێندخواردندا" بدات لە دادگاییكردنی دوورەپەرێزخستنی لە ئەنجامی ھەڵكوتانە سەر بارەگای كاپیتاڵ ھیڵ لە لایەن لایەنگرانییەوە لە 6ی كانوونی دووەم.
سەرۆكی تیمی سكاڵاكاران، جیمی راسكین لە نامەیەكدا بۆ ترەمپ، كە پێش داداگاییكردن لە 9ی شوبات دێت، گوتی: "بۆت دەنووسم، بۆ ئەوەی داوات لێبكەم گەواھی خۆت لە ژێر سوێندخواردندا بدەیت، یان پێش یان لە كاتی دادگاییكردنی دوورپەرێزخستن لە ئەنجوومەنی پیران، سەبارەت بە رەفتارەكانت لە 6ی كانوونی دووەمی 2021".
گوتیشی: "پێشنیاز دەكەین گەواھی خۆت بدەیت، ھەڵبەتە لێپیچینەوە دەگرێتە خۆی لە رۆژی دووشەممە و پێنجشەممە، 8 و 11ی شوبات".
بەردەوام بوو و گوتی: "دڵخۆش دەبین بە رێكخستنی كارەكە لە كات و شوێنی گونجاودا بۆ ھەموومان".
ھەردوو پارێزەری ترەمپ وەڵامی نامەكەیان بەھەمان شێوە دایەوە، داواكردن لە موكیلەكەیان بۆ گەواھیدان بە خستە چوارچێوی "فێڵی پەیوەندییە گشتییەكان" دانا.
ھەردوو پارێزەر برۆس كاستۆر و دیڤید شوین لە وەڵامیاندا بۆ نامەی تیمی سكاڵاكاری دیموكراتی گوتیان: "نامەكەتان ئەوە دووپات دەكاتەوە كە بۆ ھەمووان ئاشكرایە: ناتوانن قسەكانتان بچەسپێنن" دژ بە سەرۆكی پێشوو.