دەرگای قوتابخانەكان كرایەوە

قوتابیانی سەرجەم قۆناغەكان دەگەڕێنەوە ناو پۆلەكان

دیمەنەكانی ئەمڕۆی یەكێك لە قوتابخانەكانی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان
دیمەنەكانی ئەمڕۆی یەكێك لە قوتابخانەكانی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 – ھەولێر

دوای ئەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریدا بە دەستپێكردنەوەی دەوامی سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنی قوتابخانە حكومیی و ناحكومییەكان، ئەمڕۆ دەرگای قوتابخانەكان كرایەوە و قوتابیان روویان لە ناوەندەكانی خوێندن كردەوە.

پەیامنێرانی كوردستان24 لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، مامۆستا و قوتابیان بە گرتنەبەری رێكار و رێنماییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا روویان كردەوە ناوەندەكانی خوێندن.

قوتابیان دڵخۆش بە گەڕانەوەیان بۆ ناوەندەكانی خوێندن و مامۆستایانیش داوایان لێدەكەن پابەندبن بە رێنمایی و رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا.

بەڕێوەبەر و مامۆستایان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، بۆ یەكپۆشی لە قوتابخانەكان ئەمساڵ فشار ناخەنە سەر قوتابیان، گرنگ ئەوەیە رەنگ و شێوەی ئەو جلانەی دەیپۆشن لەگەڵ قوتابخانە و خوێندن بگونجێن.

پێشتر بە بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و بەگوێرەی راپۆرتی ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی، لە 16/1/2021 خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستیپێكردبووەوە، ئەمڕۆش خوێندنی قۆناغەكانی دیكە لەناو پۆل دەستپێدەكاتەوە، كە پێشتر بەشێكیان بە ئۆنلاین و بەشێكی دیكەشیان لە رێگەی ئەپڵكەیشنی تایبەتی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام بوون لە خوێندن.

بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەمساڵ نەتوانرا لە كاتی خۆی و بەپێی خشتەی ساڵ دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن بكرێت.