بەیان غەریب چۆن و لهسهر چی دەستگیرکرا؟
"ژمارەیەکی زۆر وێنەی نەشیاوی 12 ئافرەت لە مۆبایلەکەیدا هەبوون"
K24 – هەولێر:
سەردەمێک یەکێک بوو لە ئەکتەرە ناسراوەکانی کوردستان، بەڵام دوای ماوەیەک ونبوونی لە سۆشیاڵ میدیاکان دەرکەوتەوە، بەیان غەریب لە سۆشیاڵ میدیاکان کەسێکی دیارە و ئێستاش بە گومانی هەبوونی باندی لەشفرۆشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێر دەستبەسەرە.
چۆن دەستگیرکرا؟
کوردستان24 لە سەرچاوەیەکی ئەمنی زانیاریی وردی لەبارەی رۆژی دەستگیرکردنی بەیان غەریب وەرگرتووە؛ کە ژنێک لە سلێمانییەوە هاتووەتە هەولێر و بەتۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی کچەکەی لەلایەن بەیان غەریبەوە سکاڵای لەدژی تۆمارکردووە، هەر ئەو رۆژە (4ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) بە فەرمانی دادوەر، لە کاتژمێر 11:00ـی شەو لە شوێنی کارکردنی دەستگیرکراوە.
دایکی بەگوتەی خۆی بۆ هێزە ئەمنییەکان، کچەکەی کە لەدایکبووی 1997ـە و ماوەی 10رۆژێک بوو لە ماڵەوە هەڵاتبوو، هەرچەندە دواتر ویستوویەتی بچێتەوە ماڵەوە، بەڵام لەلایەن چەند کەسێکەوە هەڕەشەی لێکراوە، ئەو ژنە لەکاتی تۆمارکردنی سکاڵا، نامەکانی کچەکەی نیشانداوە و کە کچەکەی باسی ئەوە دەکات هەڕەشەی لەسەرە.
دوو مۆبایل و کۆمەڵێک وێنەی نەشیاو
سەرچاوەیەکی دیکەی کوردستان24 باسی لەوە کرد، لهكاتی دەستگیرکردنی بەیان غەریب دەستیش گیراوە بەسەر دوو مۆبایلەکەیدا، کە پڕ بوون لە وێنەی نەشیاو.
وێنەی نزیکەی 12 ئافرەت لەنێو مۆبایلەکەی بەیان غەریبدا هەبوون، کاتێکیش پرسیاریان لەبارەی ئەو کچە هەڵاتووە لێکردووە، بەیان غەریب پەیوەندی بە کچەکەی خۆیەوە کردووە، ئەو هاتووە و شوێنی کچە هەڵاتووەکەی پێگوتوون کە لەلای کوڕێکە.
رائیدی مافپەروەر رێباز زێوەر مستەفا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر لەبارەی ئەم کەیسەوە رایگەیاند "ئێستا بەیان غەریب بەپێی ماددەی 240 دەستبەسەرە کە ئەو ماددەیە تایبەتە بە سەرپێچی".
بەگوتەی رێباز زێوەر، چەند سکاڵایەکی دیکەش لەدژی بەیان غەریب کراون بەتۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی ئافرەتان، ئەو ئافرەتانەی رادەکەن و دەچنە لای ئەو، بەڵام جەختیشی کردەوە لەوەی "هێشتا لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییداین".
ئەمانە لەکاتێکدان، پێشتر پیاوێک پەیوەندیی بە کوردستان24ـەوە کرد و گوتی هاوسەرەکەی لەلایەن بەیان غەریب رفێنراوە، هەروەها تۆمەتباری کرد بەوەی پێشتر خوشکەکەشی رفاندووە، بەڵام ئەوکاتە بەیان غەریب پەیوەندی بە کوردستان24ـەوە کرد و رەتیکردەوە پەیوەندی بەو بابەتەوە هەبێت.