حكومەتی عێراق بیانوو بە پێشمەرگە دەگرێت
حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ پاساوێكی بۆ عێراق نەھێشتووەتەوە
K24 – ھەولێر:
لەدرێژەی بیانووگرتنەکانیان بە ھەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی ھەرێمی کوردستان ھیچ پاساوێکی دەستووری و یاسایی بۆ بەغدا نەھێشتووە بۆ ڕێکنەکەوتن، کەچی وەزیری دارایی عێراق گوتی: ھەرێم پێشێلکاریی دەستووری دەکات، کە پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیكەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراق بڵاوکراونەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە بەگوێرەی دەستووری عێراق، دەبێت ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا بن و فەرمان لەدامودەزگاکانی ھەرێم وەربگرن.
بیانووەكانی بەغدا لە بەرامبەر ھەرێمی كوردستان بەردەوامن، ئەم جارە پێشمەرگەیان كردووەتە پاساو، بەلای ئەوانەوە كێشەیە، كە پێشمەرگە لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقدایە و ناكەونەوە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان، وەك ئەوەی وەزیری دارایی عێراق لە دوایین دیداری تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەو بابەتە كردووە.
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق گوتی: "ھەندێك لایەنی ئەمنی لە عێراق ھەن، كە دانیان پێدانراوە، بەڵام دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی بەسەریاندا كۆتوبەند كراوە، ئەو لایەنانە لە ژێر فەرمانی ھێزە چەكدارەكانی عێراقدان، ڕاستە كە پێشمەرگە ھێزێكە دانی پێدانراوە و بەشێكە لە سیستەمی بەرگری عێراق، بەڵام ناكەوێتە ژێر فەرمانی ھێزە چەكدارەكانی عێراق" .
وروژاندنی ئەم بابەتە لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە، لەكاتێكدایە ئەمە بابەتێكی تایبەتمەندە بە ھەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی سیاسی ھەرێمی كوردستان.
لە دەستووری عێراق كە زۆرینەی عێراقییەكان دەنگیان پێداوە، ھیچ ماددەیەك نادۆزرێتەوە، كە ماف بداتە حكومەتی عێراق جوڵە بە ھێزی پێشمەرگە بكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە لە دەستووردا بەروونی خراوەتەڕوو كە ئەمە مافی ھەرێمی كوردستانە.
ئەوەی لەبەرامبەر ھێزی پێشمەرگە كەمتەرخەمە خودی كابینەكانی حكومەتی عێراقە، كە جیا لەوەی مانگانە ھیچ ھاوكارییەكی ماددی ھێزی پێشمەرگە ناكات، لەھەمان كات لە پڕچەككردنی ھێزی پێشمەرگەشدا كەمتەرخەمە، جیا لەوەی بەشێكی زۆری پشكی كورد لە وەزارەتی بەرگری عێراق بە كەسانی عەرەب پڕكراونەتەوە.