ئەردۆغان: سەد ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیا شایستەی دەستوورێكی مەدەنی نوێیە
ئەردۆغان: دەمانەوێت دەستوورێك داڕێژین لەگەڵ شارستانییەتی توركیا بگونجێت
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە گشت حزبەكان كرد بەشداری بكەن لە ئامادەكردنی دەستوورێكی مەدەنی نوێ بۆ كۆماری توركیا، كە ئاھەنگی سەد ساڵەی دامەزراندنی دەگێڕێت.
سەرۆكی توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە لەبەردەم فراكسیۆنی حزبی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار گوتی: "با بە دەستوورێكی نوی مەدەنیی گونجاو لە گەڵ وڵاتەكەمان و نەتەوەكەمان بەرەو رووی سەد ساڵەی دامەزراندنی كۆمارەكەمان ببینەوە، نەك بە دەستووری كودەتا".
ئەردۆغان بەردەوام بوو و گوتی: دەمانەوێت دەستوورێك داڕێژین لەگەڵ شارستانییەتی توركیا بگونجێت.. دەبێت دەستووری نوێ لەگەڵ تەواوی تایفەكانی گەلی توركیا بگونجێت"، بەپێی رۆژنامە "یەنی شەفەق"ی توركیایی.
ئەردۆغان ئومێدی خواست گشت حزبە سیاسییەكان بەشداری بكەن لە داڕشتنی دەستووری نوێ و ھەموو ھەوڵێك بدەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئامانجە.